جۆرج بوش: مردنی دیک چەینی زیان بوو بۆ نەتەوەکەمان

 
رووداو دیجیتاڵ

جۆرج دەبلیو بوش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا دەڵێ، مردنی دیک چەینی "زیانێکە بۆ نەتەوەکەمان و خەمێکە بۆ هاوڕێکانی." پەیامەکە دوای ئەوە هات، خێزانەکەی چینی رایانگەیاند، جێگرەکەی بوش شەوی دووشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2025 بەهۆی "هەوکردنی سییەکان و نەخۆشیی دڵ و دەمارەوە" لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
 
جۆرج دەبلیو بوش: بۆ راوێژی راستگۆیانە پشتم پێی دەبەست
 
جۆرج دەبلیو بوش لە راگەیێندراوێکدا ستایشی هاوڕێ و جێگرەکەی دەکات و دەڵێ، "مێژوو چەینی وەک یەکێک لە باشترین کارمەندە گشتییەکانی کاتی خۆی یادی دەکاتەوە؛ نیشتمانپەروەرێک کە دەستپاکی، زیرەکی و جیدییەتی بۆ هەر پۆستێک دەبرد کە وەریدەگرت."
 
بوش ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک لە ساڵی 2000 بەدوای باشترین هاوکاردا دەگەڕا بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن، دوای چەندین گفتوگۆی درێژ، بۆی دەرکەوت کە "چەینی ئەو کەسەیە کە پێویستم پێیەتی."
 
بوش گوتی: "بۆ راوێژی راستگۆیانە پشتم پێی دەبەست؛ هەرگیز لە پێشکێشکردنی باشترینی خۆی شکستی نەهێنا؛ پابەندی باوەڕەکانی بوو و ئازادی و ئاسایشی گەلی ئەمریکی خستە پێشینەی کارەکانی."
 
ژیانی سیاسی
 
دیک چەینی وەک یەکێک لە بەهێزترین جێگری سەرۆک لە مێژووی ئەمریکا دادەنرێ و مێژوویەکی سیاسیی درێژ و پڕ لە مشتومڕی هەیە. چەینی لە 1974 بۆ 1977 بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی بوو لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جێراڵد فۆرد.
 
لە 1979 بۆ 1989 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بوو؛ لە 1981 بۆ 1987 سەرۆکی لیژنەی سیاسەتی کۆمارییەکان بوو لە کۆنگرێسی ئەمریکا. 
 
چەینی لە 21-03-1989 بۆ 20-01-1993 و لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆرج ئێچ دەبلیو بوش (بوشی باوک) وەزیری بەرگریی ئەمریکا بوو و لە 1991 سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنی "گەردەلوولی بیابان"ـی دژی عێراق کرد.
 
لە دوایین پۆستیش، لە 2001 تاوەکو 2009 لە هەردوو خولی سەرۆکایەتیی جۆرج دەبلیو بوش، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوو.
 
"ئەندازیاری جەنگی دژی تیرۆر"
 
دیارترین قۆناخی ژیانی سیاسیی چەینی، ماوەی جێگری بوش بوو لە ساڵی 2001 بۆ 2009. دوای هێرشەکانی 11ـی ئەیلوول، چەینی بووە یەکێک لە ئەندازیارە سەرەکییەکانی "جەنگی دژی تیرۆر" و لایەنگرێکی سەرەکیی هێرشی سەر عێراق بوو لە ساڵی 2003دا.
 
چەینی چەندینجار گوتی، "رژێمی سەدام حوسێن خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژە و پەیوەندی لەگەڵ قاعیدە هەیە."
 
چەینی لە ساڵی 2006دا گوتی: "راستییەکە ئەوەیە ئێمە دەزانین سەدام حوسێن و عێراق بە قووڵی لە تیرۆردا تێوەگلابوون." هەرچەندە هیچ کام لەم بانگەشانە هەرگیز نەسەلمێندران، بەڵام چەینی تاوەکو کۆتایی ژیانی بەرگری لە بڕیارەکانی دەکرد.
 
لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا، چەینی بووە رەخنەگرێکی تووندی پارتی کۆماری لەژێر سەرکردایەتیی دۆناڵد ترەمپ و لە هەڵبژاردنی 2024ـدا پشتیوانیی لە کامالا هاریسی دیموکرات کرد.
 
ژیانی تایبەتی
 
چەینی لە 30-01-1944 لە شاری لینکن لە ویلایەتی نێبراسکا لەدایکبوو، ساڵی 1964 لەگەڵ لین ڤینسنت ژیانی هاوژینی پێکهێنا کە نووسەر و میدیاکار بوو؛ دوو کچیان بەناوەکانی ئێلیزابێز و ماری هەیە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز لە 2012، چەینی بۆ 20 ساڵ هەموو رۆژێک سێ پاکەت جگەرەی دەکێشا و لە ساڵی 1978 تووشی یەکەم جەڵتەی دڵ بوو، دواتر چوار جاری دیکە جەڵتە لێی دایەوە.
 
چەینی حەزی لە راوکردن بوو، بەتایبەتی باڵندە. لە 11-02-2006 لەکاتی راوکردنی کەودا، چەینی بە هەڵە تەقەی لە هاری ویتینگتنی هاوڕێی کرد و برینداری کرد.