ڤلادیمیر پووتین میدالیای پوشکینی بەخشییە پرۆفیسۆر رەشاد میران؛ یەکەم کوردە ئەو خەڵاتە وەربگرێ
رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە کۆشکی کرێملین، میدالیای پوشکینی بەخشییە پرۆفیسۆر رەشاد میران، زانا و کەسایەتیی ناسراوی کورد.
د. رەشاد میران بووە یەکەم کەس لەنێو کورد کە ئەم خەڵاتە وەربگرێ و لە گوتارەکەیدا داوای لە سەرۆکی رووسیا کرد هاوکاریی زیاتری کورد بکات.
رۆژی سێشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2025 کە هاوکاتە لەگەڵ جەژنی (رۆژی یەکگرتوویی نیشتمانی) لە رووسیا، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە کۆشکی کرێملین، رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی دەوڵەتی رووسیای فیدراڵ بەڕێوەچوو.
ئەم خەڵاتە، کە بەناوی شاعیری گەورەی رووسیا، ئەلێکساندەر پوشکینەوە ناونراوە، لە ساڵی 1999ـەوە پێشکێش بەو کەسایەتیانە دەکرێت کە لە بوارەکانی کولتووری، هونەری و زانستە مرۆڤایەتییەکاندا بەشداریی کاریگەریان لە لێکۆڵینەوە، پاراستن و بەناوبانگکردنی کولتووری رووسیادا هەبووە.
"پەیوەندیی دوورودرێژی کوردستان و رووسیا"
پرۆفیسۆر رەشاد میران، کە پسپۆڕی بواری کۆمەڵناسییە و رۆڵێکی بەرچاوی لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستاندا هەبووە، لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە پەیوەندییە "دوورودرێژ و بەهێزەکانی" نێوان کوردستان و رووسیا کرد کە خۆی وەک ئێتنۆگرافەرێک هەمیشە پشتیوان و هاوکار بووە.
ئێتنۆگرافی لقێکی زانستی مرۆڤناسییە و لێکۆڵینەوە لە کولتوورەکان دەکات.
د. رەشاد بە ناوی خۆی و هاوکارە کوردەکانییەوە داوای لە سەرۆکی رووسیا کرد کە هاوکاریی زیاتریان بکات بۆ بەدەستهێنانی کەرەستەکانی فێربوونی زمانی رووسی بۆ ئەوەی "پەیوەندی لەگەڵ زمانی رووسیدا بپارێزن."
لە کۆتاییدا، پرۆفیسۆر رەشاد میران بە هەردوو زمانی رووسی و کوردی سوپاسی ڤلادیمیر پووتینی کرد.
"کارێکی گرنگ و مێژوویی"
د. دانەر ئەبوبەکر لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا رایگەیاند: "ئێمە وەک نوێنەرایەتیی حکومەت خۆمان بە خۆشحاڵ و بەختەوەر دەزانین کە بەشێکین لە پێشنیازەکانی ئەم کارە گرنگ و مێژووییانەی بۆ خزمەتی کورد و کوردستان و پسپۆڕانی ئەم بوارەمان جێبەجێ دەکرێت."
د. دانەر سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی ماکسیم رووبین، کۆنسووڵی گشتیی رووسیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
د. رەشاد میران لە رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵانی حەفتاکاندا چالاک بوو و یەکێک بووە لەو کەسانەی کە لەگەڵ شەهید لەیلا قاسم و هاوڕێکانی دەستگیرکران.
ئەو پرۆفیسۆرە کوردە کێیە پووتین خەڵاتی کرد؟ داوای چی لە سەرۆکی رووسیا کرد؟ pic.twitter.com/OC40wEVYxS
— Rudaw (@Rudawkurdish) November 4, 2025
دەقی قسەکانی پ. د رەشاد میران لە رێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی پوشکین:
به‌ڕێز سه‌رۆک، رێزدار ڤلادیمیر ڤڵسفیمیرۆڤیچ!
زۆر دڵخۆشم که ئه‌مڕۆ له‌م کۆبوونه‌وه بێهاوتایه‌دا به‌شداریم کرد.
زۆر پێخۆشحاڵم بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته تایبه‌ته‌که‌ی به‌ڕێزتان.
شانازی پێوه ده‌که‌م، که هه‌وڵ و هاوکارییه‌کانم وه‌کو زانایه‌کی ئه‌تنۆگراف، له فیدراسیۆنی رووسیا به گرنگ و به‌رز نرخێندراوه.
له نێوان کوردستان و فیدراسیۆنی رووسیا دا په‌یوه‌ندییه‌کی درێژخایه‌ن و پتەو هه‌یه.
منیش له لایه‌ن خۆمه‌وه هه‌میشه پشتیوانی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌م کردووه و به‌شداری خۆم له دۆستایه‌تیی هه‌ردوو لادا پشتڕاست کردووه‌ته‌وه.
هیوادارم وه‌ک جاران په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی کۆنسووڵخانه‌ی رووسیا به‌رده‌وام بێت و،
منیش له لێکۆڵینه‌وه مێژوویی و ئه‌تنۆگرافییه‌کانمدا سوودبه‌خش بم.
ده‌مه‌وێت، له بری خۆم و هاوکارانم، ئه‌وانه‌ی که به رووسی قسه ده‌که‌ن و تێده‌گه‌ن، داواکارییه‌کمان ئاراسته‌ی به‌ڕێزتان بکه‌ین.
ئێمه ده‌مانه‌وێت هێشتا زیاتر په‌رتووک، گۆڤار و رۆژنامه‌ی رووسی زمان، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ده‌رباره‌ی کورد و کلتووری کورده، بگاته ده‌ستمان.
ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌کانمان به زمانی رووسییه‌وه ون نه‌بێت.
جارێکی دیکه له ناخی دڵه‌وه سوپاسی به‌ڕێزتان ده‌که‌م.
زۆر سوپاس!