جێگری سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
دیک چەینی، جێگری سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە تەمەنی 84 ساڵی کۆچی دواییکرد. بەگوێرەی ئەمریکا، مردنەکەی بەهۆی نەخۆشی دڵ و سییەکانەوە بووە.
رۆژی سێشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2025، ماڵباتی دیک چەینی لە راگەیێندراوێکدا مردنی چەینیان پشتڕاستکردەوە و رایانگەیاند، شەوی دووشەممە بەکاتی ئەمریکا (رۆژی سێشەممە بەکاتی هەولێر) کۆچی دواییکردووە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، چەینی بەهۆی نەخۆشی سییەکان و نەخۆشی پەیوەندیدار بە دڵەوە کۆچی دواییکردووە.
چەینی نەخۆشی دڵی هەبووە و چەند جارێک جەڵتەی دڵ لێیداوە، یەکەمیان لە تەمەنی 37 ساڵی دابوو. چەینی ساڵی 2012 دڵی گۆڕدرا
چەینی سەرکردەیەکی کۆماری بوو. ساڵی 1989 بۆ 1993 وەزیری بەرگریی ئەمریکا بوو. هەروەها، دواتر لە 2001 بۆ 2009 جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوو لە سەردەمی جۆرج بووشی کوڕ، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا.
چەینی بە یەکێک لەو کەسانە دادەندرێت کە پاڵپشتییەکی بەهێزی هێرشی ئەمریکا بوو بۆ سەر عێراق و بەردەوام هۆشداری لە بوونی چەکی کۆمەڵکوژ لە عێراق دەدا.
ئەو چەند جارێک هۆشداری لەوەدابوو کە لەوانەیە عێراق پەیوەندی بە هێرشی قاعیدە بۆ سەر وڵاتەکەیەوە هەبووبێت لە 11ی سێپتەمبەری ساڵی 2001دا. دواتر، لێکۆڵینەوەیەکی حکومەتی ئەمریکا ئەم ئەگەرەی رەتکردەوە.