ترەمپ لە دژی زۆهران مامدانی پشتیوانی لە نەیارە دێرینەکەی و هەڕەشەی بڕینی بودجەی نیویۆرک دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پشتیوانیی خۆی بۆ ئەندرو کۆمۆ لە پێشبڕکێی سەرۆکایەتیی شارەوانیی شاری نیویۆرکدا راگەیاند و داوای لە دەنگدەران کرد دەنگ بە زۆهران مامدانی، بەربژێری پێشەنگی چەپڕۆ نەدەن.
ترەمپ رایگەیاند، کۆمۆ "توانا"ی بەڕێوەبردنی شارەکەی هەیە و هەڕەشەی ئەوەشی کرد، ئەگەر مامدانی هەڵبژێردرێت، کەمترین بودجەی فیدراڵی بۆ نیویۆرک دەنێرێت. کۆمۆ لە وەڵامدا رایگەیاند، ترەمپ پشتیوانیی ئەو ناکات، بەڵکو دژایەتیی مامدانی دەکات.
دۆناڵد ترەمپ ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ نووسی، "ئەندرو کۆمۆت بەدڵ بێت یان نا، بەڕاستی هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکەتان نییە. پێویستە دەنگی پێبدەن و هیوای ئەوە بخوازن کارێکی نایاب بکات." گوتیشی: "ئەو توانای هەیە، مامدانی نییەتی!"
کۆمۆی بەربژێری سەربەخۆ، کە رەخنەگرێکی دێرینی ترەمپە و پێشتر وەک ئەندامێکی پارتی دیموکراتەکان، حاکمی ویلایەتی نیویۆرک بووە، لە وەڵامی ئەو پشتیوانییە ساردوسڕەدا گوتی، "ئەو پشتیوانیی من ناکات، بەڵکو دژایەتیی مامدانی دەکات."
پێشتر سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئەگەر مامدانی هەڵبژێردرێت، کەمترین بڕی بودجەی فیدراڵی بۆ زێدی خۆی، شاری نیویۆرک دەنێرێت.
راپرسییەکان نیشان دەدەن مامدانی، بەربژێری دیموکراتەکان، لەپێش کۆمۆوەیە.
کۆمۆ لە بنەڕەتدا سەر بە پارتی دیموکراتە، بەڵام دوای ئەوەی مامدانی لە هەڵبژاردنی سەرەتایی دیموکراتەکاندا لێی بردەوە، وەک سەربەخۆ خۆی بەربژێر کرد. رکابەرە کۆمارییەکەیان، کەرتیس سلیوا، لە دواوەیە.
ترەمپ، کە خۆی کۆمارییە، لە پۆستەکەیدا پشتیوانیی لە سلیوا نەکرد و گوتی: "دەنگدان بە کەرتیس سلیوا، دەنگدانە بە مامدانی."
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "زۆر دوورە کە من پارەی فیدراڵی ببەخشم، جگە لەو بڕە زۆر کەمەی کە پێویستە"، ئەگەر مامدانی هەڵبژێردرێت.
ئەمە دووپاتکردنەوەی ئەو قسانە بوو، کە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لە رۆژی یەکشەممە، کردنی، کە تێیدا بە هەڵە مامدانیی وەک "کۆمۆنیست" ناوبرد.
کاردانەوەی کۆمۆ و مامدانی
لە وەڵامی لێدوانەکانی ترەمپدا سەبارەت بە بودجە، مامدانی رۆژی دووشەممە گوتی، "من وەک ئەوەی کە هەیە مامەڵە لەگەڵ ئەو هەڕەشەیە دەکەم: هەڕەشەیە. یاسا نییە."
هەروەها مامدانی گوتی، "پشتیوانیی بزووتنەوەی ماگا [لایەنگرانی ترەمپ] لە ئەندرو کۆمۆ رەنگدانەوەی تێگەیشتنی دۆناڵد ترەمپە کە ئەمە باشترین سەرۆکی شارەوانی دەبێت بۆ ئەو. نەک باشترین سەرۆکی شارەوانی بۆ شاری نیویۆرک، نەک باشترین سەرۆکی شارەوانی بۆ نیویۆرکییەکان، بەڵکو باشترین سەرۆکی شارەوانییە بۆ دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەی."
لە چاوپێکەوتنە فراوانەکەیدا لەگەڵ بەرنامەی "60 خولەک"ی کەناڵی CBS لە رۆژی یەکشەممە، ترەمپ گوتی، هاتنە سەر کاری مامدانی وا دەکات بیل دی بلازیۆ، سەرۆکی شارەوانیی پێشووی نیویۆرک کە چەپڕۆ بوو، "کەسێکی نایاب دەربکەوێت."
ترەمپ لەبارەی مامدانییەوە گوتی، "من بینیم دی بلازیۆ چەند سەرۆک شارەوانییەکی خراپ بوو و ئەم پیاوە کارێکی زۆر خراپتر لە دی بلازیۆ دەکات."
زۆهران مامدانی کێیە؟
مامدانی خۆی وەک سۆسیالیستێکی دیموکرات دەناسێنێت و ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە کە گوایە کۆمۆنیستە. لە چاوپێکەوتنێکدا بە گاڵتەوە گوتبووی، "من وەک سیاسەتمەدارێکی سکەندەناڤیم، تەنیا رەنگم قاوەییترە."
ئەگەر بیباتەوە، دەبێتە یەکەم سەرۆکی شارەوانیی موسڵمان و گەنجترین سەرۆکی شارەوانیی شارەکە لە ماوەی زیاتر لە 100 ساڵدا.
مامدانیی تەمەن 34 ساڵ، کۆمۆی بە بووکەڵە و تووتیی ترەمپ ناوبردووە. مامدانی گوتی، "وەڵام بۆ سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ ئەوە نییە کە وێنەیەکی هاوشێوەی ئەو لێرە لە شارەوانی دروست بکەین."
لە بەرامبەردا، کۆمۆ هەوڵیداوە خۆی وەک تاکە کاندید نیشان بدات کە ئەزموونی پێویستی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپدا.
ئەو لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا حاکمی ویلایەتی نیویۆرک بوو، کاتێک زۆر لە ویلایەتەکان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپدا تووشی بەریەککەوتن بوون، هەرچەندە خودی کۆمۆش دواتر کەوتە ژێر لێکۆڵینەوەوە دوای ئەوەی دەرکەوت ئاماری گیانلەدەستدانەکان لە خانەی بەساڵاچوواندا بەشێوەیەکی بەرچاو بە کەمی نیشاندراون.
کۆمۆ لە دیبەیتێکدا گوتی، "من شەڕی دۆناڵد ترەمپم کردووە. کاتێک من بۆ نیویۆرک دەجەنگم، ناوەستم."