نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئەورووپا: هاوکاریی ئاوارەکانی سووریا بکرێت بۆ گەڕانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ  

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە سووریا دەکات کە یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی دراوسێی سووریا تێیدا بەشداربوون. دلاوەر ئاژگەیی بە رووداوی راگەیاند، داوای هاوکاریمان کردووە بۆ گەڕاندنەوەی خوۆیستانەی ئاوارەکانی سووریا.
 
یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی دراوسێی سووریا، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان لەبارەی ئەو وڵاتەوە کرد. کۆبوونەوەکە لە باڵەخانەی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە برۆکسل کرا، لە چوارچێوەی (سندووقی هاریکاری مەداد) بوو، کە بریتییە لە سندووقێکی هاریکاریی مرۆیی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ پێشکێشکردنی هاریکاری مرۆیی بە ئاوارە و لێقەوماوانی سووریا، کە نیشتەجێی وڵاتانی دراوسێی سووریان.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دلاوەر ئاژگەیی بە رووداوی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەک لایەنێکی فەرمی حکومی، لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەی یەکێتیی ئەورووپادا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و، لە ساڵانی رابردوودا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی ئەم پرۆژەیەدا بەشدار بووە و وتاری خۆی هەبووە. 
 
بە گوتەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، لەم کۆبوونەوەیەدا گوتارێکی پێشکێش کردووە و تێیدا تیشکی خستووەتە سەر رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان لە "باوەشکردنەوە بۆ ئاوارە و لێقەوماوانی قەیرانی سووریا هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە."
 
دلاوەر ئاژگەیی دەڵێت: "ئێستا نزیکەی 270 هەزار ئاوارەی سووری لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، داوامان کرد وڵاتانی ئەورووپا هاریکاربن بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئاوارەکان و هەروەها لە پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکاندا هاریکاری بکرێن."
 
نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا دەشڵێت: "شاندی کۆمیسیۆنی ئەورووپا کە میوانداری کۆبوونەوەکە بوو، ستایشی رۆڵی ئەرێنیی هەرێمی کوردستانی کرد و بەڵێن درا داواکاری و پێشنیازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهەند وەربگیرێن."
 
سندووقی مەداد، پاڵپشتییەکی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپایە تایبەت بە قەیرانی سووریا کە 21 وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا بەشدارییان لەم سندوقی هاریکارییەدا کردووە بە کۆی (740) ملیۆن یۆرۆ. لەو ماوەیەشدا مەداد 24 پرۆژەی لە عێراق هەبووە بە کۆی 16 ملیۆن یۆرۆ.