هەرێمی نۆردراین ڤێستڤاڵن بۆ رووداو: گەڕانەوەی خۆویستانەی پەناخوازان 40٪ زیاد بووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کۆچبەران و تێکەڵکردنەوەی هەرێمی نۆردراین ڤێستڤاڵنی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، دیپۆرتکردنەوە بەشێکە لە سیاسەتی کۆچبەریی هەرێمەکەیان. گوتەبێژێکی وەزارەتەکە دەڵێت، لەنێوان 1ـی کانوونی دووەم تاوەکو 31ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەگشتی 329 کەس بۆ تورکیا، 155 کەس بۆ عێراق و شەش کەسیش بۆ ئێران دیپۆرت کراونەتەوە (دەرکراون).
 
وەزارەتی منداڵان، گەنجان، خێزان، یەکسانی، کۆچبەران و تێکەڵکردنەوەی هەرێمی نۆردراین ڤێستڤاڵن (NRW) لە 4ـی کانوونی یەکەمی 2025ـدا بە ئیمەیڵێک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا 146 کەس لە گرتووخانەن و چاوەڕوان دەکەن دیپۆرت بکرێنەوە."
ئەوەشی گوت، "بەهۆی گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی کۆچبەری لەسەر ئاستی فیدراڵی و هەرێمی، ژمارەی ئەو پەناخوازانەی دیپۆرت دەکرێنەوە زیاد بووە، بۆیە دوو گرتووخانەی دیکە بۆ دیپۆرتکردنەوە لە هەرێمەکەیان دەکەنەوە."
 
سەبارەت بە سیاسەتی کۆچبەریی هەرێمەکە، گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی: "بۆ حکومەتی هەرێمی، کۆتاییهێنان بە مافی مانەوە و گەڕاندنەوەی یاسایی، بەتایبەت بۆ هاووڵاتییانی بیانیی تاوانبار و کەسانی مەترسیدار، گرنگییەکی زۆری هەیە."
 
حکومەتی نۆردراین فێستڤاڵن، 50 یۆرۆ بە هەر پەناخوازێک دەدات کە دیپۆرت دەکرێتەوە.
 
"گەڕانەوەی خۆویستانە هەرزانترە لە دیپۆرتکردنەوە"
 
وەزارەتی کۆچبەران و تێکەڵکردنەوەی هەرێمی نۆردراین ڤێستڤاڵنی ئەڵمانیا دەڵێت، گەڕانەوەی خۆویستانەی ئەو پەناخوازانەی رەتکراونەتەوە، بۆ حکومەتەکەیان "هەرزانترە"، بۆیە بۆ ئەوان باشترە ئەگەر پەناخوازە رەتکراوەکان بە خواستی خۆیان ئەڵمانیا بەجێبهێڵن، لە جیاتی ئەوەی دیپۆرت بکرێنەوە.
 
بەپێی ئەو وەزارەتەکە، لە 1ـی کانوونی دووەمەوە تاوەکو 31ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، 2122 کەس کە مافی مانەوەیان پێنەدراوە، لە چوارچێوەی بەرنامەی گەڕانەوەی خۆویستانە گەڕاونەتەوە وڵاتە رەسەنەکانی خۆیان. "بەراورد لەگەڵ هەمان کاتی ساڵی 2024، گەڕانەوەی خۆویستانە لەم ساڵدا 40% زیاد بووە."
 
وەزارەتی کۆچبەران و تێکەڵکردنەوەی هەرێمی نۆردراین ڤێستڤاڵن، ئاماژەی بە ئامانجێکی بەرنامەی گەڕانەوەی خۆویستانەی هەرێمەکەی کرد. "ئەوان هاوکاریی ئەو پەناخوازانە دەکەن کە دیپۆرت دەکرێنەوە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ لە وڵاتەکانیان خۆیان بگونجێننەوە. بۆ وەرگرتنی ئەو هاوکارییانە، پەناخوازە رەتکراوەکان دەتوانن لە فەرمانگە هەرێمییەکانی تایبەت بە بیانییەکان زانیاری وەربگرن.
 
لەم بارەوە، وەزارەتەکە ئاماژەی بە لێدوانێکی جۆزێڤین پاوڵ، وەزیری کۆچبەرانی هەرێمەکە دا کە گوتوویەتی: "ئەو کەسانەی دێنە لای ئێمە، بەڵام ئاسۆی مانەوەیان نییە، دەبێت پشتیوانی بکرێن بۆ ئەوەی رێگەیەکی گونجاو بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان بدۆزنەوە."
پاوڵ دەڵێت: "لەم چوارچێوەیەدا، گەڕانەوەی خۆویستانە بەراورد لەگەڵ دیپۆرتکردنەوە، هەمیشە ئاسانتر و کاریگەترە. لە هەمان کاتدا، تێچووی دیپۆرتکردنەوە بۆ دارایی گشتی بەرزترە لە گەڕانەوەی خۆویستانە. بۆیە من دڵخۆشم کە دەتوانین ئەم بەشە لە فەرمانگە ناوەندییەکانی تایبەت بە بیانییەکان، لە رێگەی زیادکردنی دامەزراندنەوە بەهێز بکەین."
 
هەرێمی NRW گرتووخانەی زیاتر بۆ دیپۆرتکردنەوە دەکاتەوە
 
گوتەبێژێک بە ناوی وەزارەتی کۆچبەران و تێکەڵکردنەوەی هەرێمی نۆردراین ڤێستڤاڵن ئەوەی بۆ رووداو خستەڕوو کە لە سەرانسەری ئەڵمانیادا 790 شوێنی دیپۆرتکردنەوە لە گرتووخانەکاندا هەن. تاوەکو ئێستا گرتووخانەی دیپۆرتکردنەوە لە (بیوڕن - Büren) تاکە دامەزراوەی لەو جۆرەیە لە هەرێمی نۆردراین ڤێستڤاڵن کە بەگشتی 175 شوێنی تایبەتی بۆ ئەو کەسانە هەیە کە دیپۆرت دەکرێنەوە. تاوەکو 2ـی کانوونی یەکەم، 146 کەسی تێدا دەستبەسەر بوون و چاوەڕێ دەکەن دیپۆرت بکرێنەوە.
 
گوتەبێژەکە دەڵێت، لەگەڵ گۆڕانی سیاسەتی کۆچبەری، پێویستییان بە گرتووخانەکانی دیپۆرتکردنەوە زیاد بووە. هەرێمی NRW دەخوازێت گرتووخانەکانی دیپۆرتکردنەوە زیاد بکات. 
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتە هەرێمییەکە، دامەزراوەیەکی نوێ لە شاری مۆنشنگلادباخ دەکرێتەوە کە تێیدا 140 شوێن بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە پێویستە دیپۆرت بکرێنەوە.
 
هەروەها ئاماژەی بە بڕیاری پارساڵی حکومەتی فیدراڵی کرد، کە بەگوێرەی بڕیارەکە نابێت هیچ کەسێک لە 28 رۆژ زیاتر لە گرتووخانەی دیپۆرتکردنەوەدا بمێنێتەوە.