ترەمپ بۆ ئێران: ئەگەر خۆپێشاندەران بکوژرێن، زۆر بە تووندی لێتان دەدەین
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دایە تاران کە ئەگەر خۆپێشاندەران بکوژرێن، ئەوا لەلایەن ئەمریکاوە "زۆر بە تووندی لە ئێران دەدرێ."
درەنگانی شەوی یەکشەممە بەکاتی ئەمریکا، بەرەبەیانی دووشەممە بە کاتی هەولێر، ترەمپ لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەین. ئەگەر وەک رابردوو دەست بە کوشتنی خەڵک بکەنەوە، پێموایە لەلایەن ئەمریکاوە زۆر بە تووندی لێیان دەدرێ."
خۆپێشاندانەکان لە ئێران پێیان ناوەتە هەفتەی دووەمەوە، کە بەهۆی گرانی و قەیرانی ئابوورییەوە سەریان هەڵداوە.
ناڕەزایی لە 28ی کانوونی یەکەم بە مانگرتنی کاسبکاران لە تاران دەستیپێکرد.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا لانیکەم 10 کەس کوژراون؛ ئاماری نافەرمیش باس لە کوژرانی 19 کەس دەکەن.
ئەم خۆپێشاندانانە بە گرنگترین دەربڕینی ناڕەزایی دادەندرێن لەدوای خۆپێشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە ساڵانی 2022-2023ـەوە.
پێکدادانی خوێناوی
بەپێی ئامارێکی ئاژانسی فرانس پرێس کە پشت بە راگەیێندراوە فەرمییەکان و میدیاکان دەبەستێت، خۆپێشاندانەکان لە کۆی 31 پارێزگە، 23 پارێزگەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان گرتووەتەوە و کاریگەری کردووەتە سەر لانیکەم 40 شاری جیاواز، کە زۆربەیان شارۆچکە و شاری مامناوەندن.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە بنکەکەی لە نەرویجە، دەڵێ، سوپای پاسداران رۆژی شەممە لە شارۆچکەی مەلەکشاهی سەر بە پارێزگای ئیلام تەقەی لە خۆپێشاندەران کردووە و چوار هاونیشتمانی کوشتووە.
رێکخراوەکە دەڵێ، خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە هەواڵی کوژرانی دوو کەسی دیکە و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها دەسەڵاتدارانی تۆمەتبار کرد بە هەڵکوتانە سەر نەخۆشخانەی سەرەکیی شاری ئیلام بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەرمی خۆپێشاندەران.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کە ئەویش بنکەکەی لە نەرویجە، هەمان ئاماری بڵاوکردەوە کە بریتییە لە چوار کوژراو و 30 بریندار، ئەوەش دوای ئەوەی "هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر خۆپێشاندانەکان" لە مەلەکشاهی.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کرد، رۆژی یەکشەممە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی کوژراوەکان بەڕێوەچووە و بەشداربووان درووشمیان دژی حکومەت گوتووەتەوە.
هەردوو رێکخراوەکە ڤیدیۆیان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا تەرمی خوێناوی لەسەر زەوی دەبیندرێن.
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە پێکدادانێکدا لەگەڵ "ئاژاوەگێڕان" کوژراوە کە هەوڵیانداوە هەڵبکوتنە سەر بنکەیەکی پۆلیس و "دوو هێرشبەر"یش کوژراون.
ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردەوە، شەوی شەممە لە ناوچەکانی رۆژهەڵات، رۆژئاوا و باشووری تاران خۆپێشاندانی پچڕپچڕ هەبووە.
سەدان کەس دەستبەسەرکراون
رۆژی یەکشەممە زۆربەی دووکانەکان لە تاران کراوە بوون، بەڵام شەقامەکان کەمتر لە رۆژانی ئاسایی قەرەباڵخ بوون و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و هێزە ئەمنییەکان لە چواڕیانە سەرەکییەکان بڵاوەیان پێکرابوو.
ڤیدیۆکان نیشانی دەدەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران گازی فرمێسکڕێژ بۆ بڵاوەپێکردنی گرووپێک لە خۆپێشاندەران بەکاردەهێنن کە رۆژی یەکشەممە لە نێوەڕاستی تاران کۆببوونەوە.
ئاژانسی هرانا دەڵێت، لە هەفتەی رابردوودا لانیکەم 582 کەس دەستگیرکراون.
رێکخراوی هەنگاویش دەڵێت، زۆربی کوژراوەکان لە پێکهاتە نەتەوەییەکانن، بەتایبەتی کورد و لوڕ.
لە دەرەوەی وڵاتیش، رۆژی یەکشەممە سەدان کەس لە دوو خۆپێشاندانی جیاوازدا لە پاریس بۆ پشتیوانی لە خۆپێشاندەران گردبوونەوە، ئەوەش دوای چالاکییەکی هاوشێوە کە رۆژێک پێشتر لە لەندەن بەڕێوەچوو.