ترەمپ: دەمەوێت ئێران سەرکەوتوو بێت، بەڵام بەبێ چەکی ئەتۆم
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا داوا دەکات "رێککەوتنی ئاشتیی ئەتۆم" لەگەڵ ئێران واژۆ بکرێت، دەشڵێت "دەمەوێت ئێران سەرکەوتوو بێت، بەڵام چەکی ئەتۆمی نەبێت."
رۆژی چوارشەممە (05-02-2025) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە "من، دەمەوێت ئێران ببێتە وڵاتێکی مەزن و سەرکەوتوو، بەڵام وڵاتێک کە نەتووانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت. پێم باشە رێککەوتنێکی پشتڕاستکراوەی ئاشتیی ئەتۆم بکرێت، کە رێگە بە ئێران بدات گەشە بکات و خۆشگوزەران بێت."
ترەمپ ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، گوایە ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی ئێران ورد و خاش بکەن، گوتیشی "ئەمە، زێدەڕۆیی زۆری تێدا کراوە."
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی رێککەوتنەکە گوتی، "پێویستە دەستبەجێ کاری لەسەر بکەین، دواتر ئاهەنگێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگێڕین، کاتێک رێککەوتنەکە واژۆدەکرێت و تەواودەکرێت."
لە کۆتایی پۆستەکەی دا، سەرۆکی ئەمریکا نووسیویەتی "خوا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بپارێزێت."
لەماوەی خولی یەکەمی کە لە 2021 تەواو بوو، ترەمپ ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کشاندەوە و چەندین سزای قورسی بەسەردا سەپاند.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی "سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار لەسەر ئێران" گوتی، "ئەمە تاقیکردنەوەیەکی شکستخواردووە و ئەگەر دووبارەی بکەنەوە، دەبێتە شکستێکی دیکە. ئەگەر تەنیا پرسەکە ئەوەیە ئێران چەکی ئەتۆمی نەبێت، ئەوە شتێکە ئاسانە و نابێتە کێشەیەکی گەورە."
محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، "ئێران هیچ پرۆگرامێکی چەکی ئەتۆمی نییە و ناشیبێت."