وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بۆ رووداو: وەزیر سەردانی هەولێر و بەغدا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ ژان نۆئێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، وەک بەشێک لە گەشتێکی ناوچەیی بۆ رۆژهەڵاتی نزیک و نێوەڕاست، سەردانی هەریەکە لە بەغدا و هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 5ی شوباتی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە وەڵامی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتیی رووداو لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، "ئامانجی سەرەکی ئەم سەردانە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، نوێکردنەوەی پشتیوانییەکانی پاریسە بۆ دەسەڵاتە نیشتمانییەکانی عێراق و دەسەڵاتە کوردییەکان کە لە ناو جەرگەی ئاڵۆزییە ناوچەییەکاندا سەرقاڵی بنیاتنانەوەی وڵاتەکەیانن". دەشڵێت، "فەرەنسا دەیەوێت لە رێگەی ئەم گەشتەوە جەخت لە هاوبەشییە ستراتیژییەکانی بکاتەوە".
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەم چوارچێوەیەدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پرسی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و هاوئاهەنگیی لەسەر ئەو رێککەوتنانەی لەو ناوچەیە واژۆ کراون لەگەڵ بەرپرسانی باڵا تاوتوێ دەکات. 
 
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان، وەک سەرچاوەکە باسیکرد "گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر دۆخی ناوچەکە و ئەو گرژییانەی بەهۆی رووداوەکانی ئێرانەوە دروست بوون، لە پێناو دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ رێگری لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان کە مەترسی بۆ سەر تەواوی ناوچەکە هەیە."
 
بە گوێرەی سەرچاوەکە، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و پێکەوە تاوتوێی ئەو پرسانە بکەن کە جێی بایەخی هەردوولان.
 
خشتەی کۆبوونەوەکانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان: 
 
-کاژێر 15:45: کۆبوونەوەی وەزیر لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری عێراق
-کاژێر 16:30 کۆنگرەی رۆژنامەڤانی وەزیر و فوئاد حوسێن، وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری عێراق
-کاژێر 16:45: کۆبوونەوەی وەزیر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی کۆماری عێراق
-کاژێر 20:30: کۆبوونەوەی وەزیر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
-کاژێر 20:45: کۆنگرەی رۆژنامەڤانی وەزیر و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
-کاژێر 21:00: ئێوارە خوانی وەزیر لەلای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
 
رۆژی هەینی
 
-کاژێر 09:00: کۆبوونەوەی وەزیر لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی
-هەمان رۆژ دەچێتە لوبنان و لەوێشەوە دەگەڕێتەوە.