گەنجێکی هەرێمی کوردستان لە ریزەکانی سوپای رووسیا دا کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی شەش مانگ لە بێسۆراخی، هەواڵی کوژرانی ئەو گەنجە کوردەی دەڤەری برادۆست بە بنەماڵەکەی درا کە لە ریزەکانی سوپای رووسیا دژی ئۆکراینا شەڕی دەکرد؛ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانیش دەڵێت: "لە هەوڵداین بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی".
مەتین عەبدولوەهاب خدر، گەنجێکی دانیشتووی قەزای سیدەکانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە 15-08-2025ـەوە لە ماڵ دەرچوو و بێسۆراخ بوو، دواتر لە رێگەی گرتە ڤیدیۆییەکەوە دەرکەوت کە لە بەرەکانی جەنگ لە ریزەکانی سوپای رووسیا چەکی هەڵگرتووە.
کەسوكاری مەتین بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، کوڕەکەیان لەلایەن گرووپێکەوە هەڵخەڵەتێندراوە و براوەتە رووسیا بۆ بەشداریکردن لە شەڕی دژی ئۆکراینا.
ئاماژەیان بەوەش کرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە 05-02-2026، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانەوە، هەواڵی گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان پێدراوە.
بنەماڵەی مەتین برادۆستی دەڵێن: "چاوەڕێی گەڕانەوەی تەرمی کوڕەکەمان دەکەین و تاوەکو تەرمەکەی نەگەڕێتەوە، پرسەی بۆ دانانێین."
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رووداوی راگەیاند: "هەواڵی نەمانی ئەو گەنجەمان لە رێگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیاوە پێگەیشتووە. ئێستا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵداین بۆ ئەوەی بتوانین تەرمەکەی بگەڕێنینەوە بۆ هەرێمی کوردستان."