عەلی دۆڵەمەڕی: فەرەنسا دەزانێت بەبێ هەرێمی کوردستان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەقامگیر نابێت
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس رایدەگەیێنێت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆدەبێتەوە؛ دەشڵێت: "پاریس دەزانێت بەبێ رۆڵی هەرێمی کوردستان، سەقامگیری لە ناوچەکە بەدی نایەت."
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05-02-2026، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەولێر لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆببێتەوە.
عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی (تۆڕی میدیایی رووداو) کە فوئاد رەحیم پێشکێشیکرد، رایگەیاند: "فەرەنسا پشتیوانێکی بەهێزی کوردە لە هەر چوار پارچەی کوردستان. سەردانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ دیمەشق، بەغدا و هەولێر دەرخەری ئەوەیە کە دەیانەوێ گرژییەکان تەشەنە نەسێنن و پشتیوانی لە مافەکانی کورد دەکەن."
سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق، عەلی دۆڵەمەڕی ئاماژەی بەوە کرد، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و گوتی: "فەرەنسا دەیەوێ پرسی کورد لە سووریا هاوشێوەی عێراق لە دەستووردا چارەسەر بکرێت، بەڵام دەزانن بەبێ هەرێمی کوردستان و رۆڵی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەستەمە ئەمە بکرێت."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، جیا لە مەزڵووم عەبدی، کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دەبێت.
نوێنەری حکومەت لە پاریس تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی داعش و کاریگەریی ئاڵۆزییەکان لەسەر ئاسایشی جیهان و گوتی: "فەرەنسا زۆرترین قوربانیی داوە لە شەڕی داعشدا، بۆیە دەزانن ئەگەر ئەم دۆخە کۆنترۆڵ نەکرێت، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی ئەورووپا و فەرەنسا دەبێت. هەر بۆیە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیی پێشمەرگە، سوپای عێراق و هەسەدە."
عەلی دۆڵەمەڕی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە گرنگیی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا کرد و گوتی: "پەیامی فەرەنسا ئەوەیە کە دەبێت پەیوەندییەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستان باش بن و بگەنە رێککەوتن، چونکە نەسازانی ئەوان کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەموو پڕۆسەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت."
دۆڵەمەڕی پێیوایە فەرەنسا وەک زلهێزێکی جیهانی دەتوانێت گوشار بخاتە سەر بەغدا و دیمەشق بۆ دابینکردنی مافەکانی کورد و گوتی: "ئەوان دەزانن بەبێ هەرێمی کوردستان سەقامگیری بەدی نایەت، بۆیە هەر کاتێک سەردانی بەغدا دەکەن، سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکەن."