کۆشکى سپی: بەمزووانە کۆنترۆڵى تەواوەتیی ئاسمانى ئێران دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی رایگەیاند، لە چەند کاژێری داهاتوودا کۆنتڕۆڵی "تەواوەتی و رەها"ـی ئاسمانی ئێران بەدەست دەهێنێت، ئەوەش لە پێنجەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا.
کۆشکی سپی رۆژی چوارشەممە، 4ى ئادارى 2026 رایگەیاند، سوپای ئەمریکا بەرەو سەپاندنی باڵادەستیی تەواوەتی بەسەر ئاسمانی ئێراندا هەنگاو دەنێن.
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند "ئێمە چاوەڕوان دەکەن لە چەند کاژێری داهاتوودا باڵادەستیی تەواوەتی و رەها بەسەر ئاسمانی ئێراندا رابگەیێنین." ئەم هەنگاوە رێگە بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل خۆش دەکات بەبێ هیچ رێگرییەک لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا بفڕن.
پێشتر پیت هیگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردبوو ئەم باڵادەستییە مانای ئەوەیە "ئێمە بە درێژایی رۆژ و شەو دەفڕین تاوەکو هەموو مووشەک و ژێرخانە پیشەسازییەکانی سوپای ئێران بدۆزینەوە و لەناویان ببەین."
هیگسێس جەختی کردەوە ئامانجەکە کۆتاییهێنانە بە هەڕەشە سەربازییەکانی تاران بە شێوەیەکی هەمیشەیی.
پاش جەنگ
لە لایەکی دیکەوە، لیڤیت ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترهمپ "بە شێوەیەکی چالاکانە" خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ راوێژکارانی و تیمی ئاسایشی نیشتمانی لەبارەی رۆڵی ئەمریکا لە ئێران دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی دۆناڵد ترهمپ لەگەڵ سەرکردە کوردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لیڤیت گوتی، "سەرۆک ترهمپ بەردەوامە لە گفتوگۆ و راوێژ لەگەڵ سەرکردە و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەدا، پەیوەندییەکەى سەرۆک لەگەڵ سەرکردەکانی کورد دەکەن لەسەر بنەمای بوونى بنکەی سەربازیمانە لە باکوورى عێراق."
لیڤیت جەختی کردەوە "ئەو هەواڵانەى باس لە پلانێکى هاوبەشی ئەمریکا و کورد دەکەن دوورە لە راستى."
رەخنەکان
کۆشکی سپی سەرەڕای وەڵامدانەوەی رەخنەکان سەبارەت بە نەبوونی بەڵگەی پێویست بۆ هەڕەشەی دەستبەجێی تاران، جەختی کردەوە بڕیاری هێرشکردنە سەر ئێران لەسەر بنەماى "کاریگەریی کەڵەکەبووی هەڕەشە جیاوازەکان" بووە.
لیڤیت گوتی: "ئەمە رژێمێکی تیرۆریستیی یاخییە کە بۆ ماوەی 47 ساڵە هەڕەشە لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان و گەلەکەمان دەکات، خەڵکی ئەمریکاش هێندە زیرەکن کە راستیی ئەمە بزانن."
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە ئیسرائیل واشنتنی بۆ ناو ئەم جەنگە پەلکێش کردووە و جەختی کردەوە کە گەلی ئەمریکا پاڵپشتی لەم ئۆپەراسیۆنە دەکەن.
دەنگۆى رێبەرى نوێ
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی "رۆیتەرز"، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا چاودێریی ئەو راپۆرتانە دەکەن باس لە دەرکەوتنی موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی دەکەن وەک بەهێزترین بەربژێر بۆ گرتنەدەستی پۆستی رێبەر.
کارۆلین لیڤیت لەمبارەیەوە گوتی، "ئێمە ئەو راپۆرتانەمان بینیوە و دەزگا هەواڵگرییەکانمان لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکەن؛ راستییەکە ئەوەیە دەبێت چاوەڕێ بکەین و ببینین چی روودەدات."
ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" کە لە 28ـی شوباتەوە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەستیپێکردووە، گەورەترین وەرچەرخانی مێژوویی ناوچەکەیە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە.
تاوەکو ئێستا سوپای ئیسرائیل بە تەنیا 4,000 پارچە تەقەمەنیی بەسەر ئێراندا باراندووە و 300 سەکۆی مووشەکیی پەکخستووە.