سەرۆککۆماری ئێران: رێز لە سەروەریی وڵاتانی دراوسێ دەگرین

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران دەڵێ ''گورزی کوشندە''ـیان لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل داوە. ئاماژە بەوەش دەکات، ''رێز لە سەروەریی وڵاتانی دراوسێ دەگرین.''
 
پێنجشەممە 05-03-2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی دا ئاماژەی بە کردنە ئامانجی بنکەکانی ئەمریکا کرد لە وڵاتانی ناوچەکە و رایگەیاند: ''جەخت لە پاراستنی سەروەری و مافی دراوسێکانمان دەکەینەوە.''
 
لە سەرەتای جەنگەوە، ئێران هێرشی چڕی کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، عێراق و هەرێمی کوردستان. مەسعود پزیشکیان گوتی: ''هەوڵمان دا بە هاوکاریی دراوسێکانمان و لە رێگەی دیپلۆماسییەوە خۆمان لە جەنگ بپارێزین، بەڵام هێرشە سەربازییەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ رێگەیەکی دیکەی جگە لە بەرگریکردن لە خۆمانی بۆ نەهێشتینەوە.''
 
سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوەش کردەوە: ''ئێمە رێز لە سەروەریی هەموو وڵاتانی دراوسێ دەگرین و هێشتاش پێمان وایە کە ئارامیی ناوچەکە دەبێت لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە دابین بکرێ.''
 
مەسعود پزیشکیان پێیوایە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی ''گورزی کوشندە و یەکلاکەرەوە''ـیان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل داوە.
 
قسەکانی سەرۆککۆماری ئێران لەکاتێکدان کە وڵاتانی ناوچەکە بەهۆی زیانگەیاندن بە خاکەکەیان، لە هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا ناڕازین و داوای راگرتنی ئۆپەراسیۆنە درۆنی و مووشەکییەکان دەکەن.
 
لە رۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026ـەوە، هێرشێکی هاوبەشی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگاکانی ئێران دەستیپێکردووە کە زۆرترینیان بۆ سەر تاران بووە.
 
لەبەرامبەردا سوپای پاسداران زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە.