ترەمپ: لە جەنگی ئێران 15 لەسەر 10ـمان هێناوە


رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نمرەی سوپای وڵاتەکەی لە جەنگی دژی ئێراندا بە "15 لە 10" هەڵسەنگاند، ئەوە لە کاتێکدایە، جەنگەکە پێی ناوەتە پێنجەمین رۆژییەوە و ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوپەڕیدایە.
 
رۆژی چوارشەممە 04-03-2026 ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیا لە کۆشکی سپی رایگەیاند: "ئێمە لە بەرەی جەنگدا زۆر بە باشی کار دەکەین. ئێمە ئێستا لە پێگەیەکی زۆر بەهێزداین و سەرکردایەتیی ئێران بە خێرایی لەناودەچێت، وا دەردەکەوێت هەر کەسێک بیەوێت ببێتە سەرکردە، کۆتاییەکەی کوژرانە."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، کۆگەی مووشەکە بالیستییەکانی تاران بە خێراییەکی زۆر "تەخت دەکرێن." 
 
ترەمپ جارێکی دیکە پاساوی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دووپات کردەوە و گوتی، تاران لە سەروبەندی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا بوو، "کاتێک خەڵکی شێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت، شتی زۆر خراپ روودەدات."
 
لەکاتێکدا هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامن، لە پێشهاتێکی نوێدا ژێردەریاییەکی ئەمریکی توانی کەشتییەکی جەنگیی ئێرانی لە کەناراوەکانی سریلانکا ژێرئاو بخات. ترەمپ جەختی کردەوە، بەردەوام دەبن لەم گوشارە سەربازییانە تاوەکو دەگەنە ئامانجەکانیان.
 
کۆشکی سپی رایگەیاند، حکومەتی پیاوانی ئایینی لە ئێران "بە تەواوەتی تێکشکێنراوە" و باجی هێرشەکانی بە "خوێن" دەداتەوە. 
 
کارۆلین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی:" بە جیدی بیر لە رۆڵی ئەمریکا دەکاتەوە لە ئێرانی دوای جەنگ،" بەڵام هێشتا بە فەرمی "گۆڕینی رژێم"ـی وەک ئامانجی سەرەکی رانەگەیاندووە.
 
لێڤیت ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوە باس لەوە دەکەن ترەمپ رەزامەندیی پێشانداوە پڕچەککردنی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام پشتڕاستی کردەوە سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد کردووە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخەکە.
 
لێڤیت هاوتەریب لەگەڵ لێدوانەکانی پێنتاگۆن رایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل پێشبینی دەکەن لە "کاژێرەکانی داهاتوودا" کۆنتڕۆڵی "تەواوەتی و رەهای" ئاسمانی ئێران بکەن، ئەمەش رێگە بۆ ئۆپەراسیۆنی وردتر و بەرفراوانتر خۆش دەکات.