چین نەخشەڕێگەی پێنج ساڵی داهاتوو دیاری دەکات؛ چاوەکان لەسەر 'دوو دانیشتن'ن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پەکینی پایتەختی چین و لە هۆڵی گەورەی گەل، گرنگترین و گەورەترین رووداوی سیاسیی ساڵ بۆ چین دەستیپێکرد، ئەویش کۆبوونەوەکانی (دوو دانیشتن یان دوو خولەکە)، کە تێیدا بڕیارە چارەنووسسازەکانی ئابووری، سەربازی و دیپلۆماسیی وڵاتەکە بۆ ساڵی 2026 و پێنج ساڵی داهاتوو تاوتوێ دەکرێن.
 
کۆبوونەوەکانی ئەم ساڵ تەنیا نمایشێکی سیاسی نین، بەڵکو وەرچەرخانێکی گرنگن، چونکە هاوکاتن لەگەڵ راگەیاندنی "15ـەمین پلانی پێنج ساڵەی چین (2026-2030)"، کە نەخشەی گەیشتن بە لووتکەی تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە نێودەوڵەتییەکان دەکێشێت.
 
"دوو دانیشتن یان دوو خولەکە"
 
ئەم زاراوەیە بۆ دوو دامەزراوەی جیاواز بەکاردێت، کە پێکەوە کۆڵەکەی سیستەمی سیاسی چین پێکدەهێنن:
 
کۆنگرەی نیشتمانیی گەل (NPC): بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانانە و نزیکەی 2,900 ئەندامی هەیە. ئەرکی سەرەکییان پەسندکردنی یاساکان، بودجە و دامەزراندنی بەرپرسە باڵاکانە.
 
کۆنفرانسی راوێژکاری سیاسیی گەلی چین (CPPCC): دەستەیەکی راوێژکارییە و زیاتر لە 2,100 ئەندامی هەیە، کە لە کەسایەتییە ناودارەکان، بازرگانان و نوێنەری پێکهاتەکان پێکهاتوون بۆ پێشکێشکردنی پێشنیاز بە حکومەت.
 
ئەم بەشداربووانە لە شار و شارۆچکە و هەرێم و پارێزگانی 31 هەرێمی چینن و نوێنەری سوپا، زانا و کەسایەتییەکانیش بەشداردەبن، هەڵبژاردنیان لەلایەن ئۆرگانەکانی پارتی کۆمۆنیستی چینیە، نەک لە رێگای هەڵبژاردنێک بەشێوەێکی دیموکراسی.
 
پارتی کۆمۆنیستی چینی وەک تاکە پارتی فەرمانڕەوا حکومەتی چین بەڕێوە دەبات، بەڵام لە چین 8 پارتی سیاسیی دیکە هەن، بەڵام ئەوان هیچ مافێکی سەرکردایەتیکردن یان ئیدارەدانی دەوڵەتیان نییە، بەڵام دەتوانن وەک چاودێر و راوێژکار پێشنیاز لەم دوو دانیشتنە بۆچوونەکانیان پێشکێشی پارتی کۆمۆنیستی چینی بکەن.
 
لە کاتێکدا لە چین ئەم بە بوومەلەرزەی سیاسی هەژمار دەکرێت، بەڵام لە میدیای رۆژئاوا ئەم کۆبوونەوەیە بە دانیشتنی "پەرلەمانی مۆری پلاستیکی " دەناسرێ، گوایە بڕیارە بنەڕەتییەکان هەمووی پێشوەختە لەلایەن مەکتەبی سیاسیی پارتی کۆمۆنیست (CCP) یەکلایی کراونەتەوە، لە کاتێکدا ئەم کۆبوونەوانە تەنیا وەک سەکۆی فەرمین بۆ گەیاندنی پەیامەکانی چین بە جیهان.
 
ئابووری
 
لە راپۆرتی کارکردنی حکومەت دا، چین ئامانجی گەشەی ئابووریی بۆ ساڵی 2026 بە (4.5% بۆ 5%) دیاری کردووە. ئەم ژمارەیە بەراورد بە دەیەکانی رابردوو کە 10%ی تۆمار دەکرد، کەمبوونەوەیەکی بەرچاوە.
 
هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئامانجی گەشەی ئابووریی چین
 
خاوبوونەوەی کڕین و فرۆشتن لە ناوخۆ, کەمی بەکاربەر کە تەنیا 40٪ـە و بەراورد بە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا زۆر کەمترە، حکومەت هەمیشە هانی خەڵك دەدات کە خەرجی زیاتر بکەن. 
 
پیربوونی دانیشتووان و کەمبوونەوەی هێزی کار. 320 ملیۆن کەس لە چین تەمەنیان لەسەرووی 60 ساڵیەوەیە.
 
پەکین دەیەوێت لە "گەشەی خێراوە" بچێتە سەر قۆناغی "گەشەی کوالێتیی بەرز"، واتە پشت بەستن بە داهێنان، نەک تەنیا کارگە و هەناردەکردن.
 
قەیرانی درێژخایەنی کەرتی خانووبەرە، کە بەشی 280 خانووی بەتاڵ و تەواونەکراوە لە چین هەن. 
 
تەکنەلۆژیا؛ سەربەخۆیی لەبەردەم گەمارۆکانی ئەمریکا
 
یەکێک لە تەوەرە هەرە گەرمەکانی "دوو خولەکە"، پرسی "خۆبژێوی تەکنەلۆژی"یە. بەهۆی کێبڕکێی تووند لەگەڵ واشنتن و سنووردارکردنی دەستڕاگەییشتنی چین بە چیپی پێشکەوتوو، پەکین بودجەیەکی خەیاڵی بۆ پەرەپێدانی (ژیریی دەستکرد، نیوەگەیەنەرەکان، رۆبۆت و کۆمپیوتەری کوانتەم) تەرخان کردووە. ئامانجەکە روونە: "کەمکردنەوەی پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای بیانی."
 
لو جیانهوا، ئەندامی کۆنگرەی نیشتمانی گەل بەم شێوەیە بۆ رووداو باسی پلانی چینی لە بواری ئینتەرنێت کرد: "باسی زۆر شت دەکەین، ئینتەرنێتی6G ی بۆشایی ئاسمان- زەوی یەکگرتوو. پێم وایە ئەوە بەندە بەوەوە، کە چۆن پێناسەی 6G دەکەیت. پێم وایە حکومەتی چین پلانی نایابی لەم رووەوە هەیە. دەتوانین بە پێی پلانەکانمان وردە وردە پەرە بەو بوارانە بدەین، کە بۆ ئێمە گرنگە. وەک دەزانن چین پشتگیری لە کێبڕکێی خراپ و تەنانەت سەرکوتکردن ناکات. چین هەرگیز رەزامەندی لەسەر ئەم جۆرە کاران نادات." 
 
سوپا و ئاسایش؛ تووندترکردنی کۆنترۆڵ
 
لە رووی سەربازییەوە، چین بەردەوامە لە زیادکردنی بودجەی بەرگری بۆ مۆدێرنکردنی سوپاکەی.
 
چین بودجەی سەربازی بۆ ئەم ساڵ بە رێژەی 7٪ زیاد کرد، کە دەکاتە زیاتر لە 275 ملیار دۆلار، بەم چەشنەش دوای ئەمریکا بە دووەم بودجەی سەربازی هەژماردەکرێت.
 
هاوکات لە پەراوێزی کۆبوونەوەکان دا باس لە هەڵمەتە تووندەکانی دژە گەندەڵی لەناو سوپادا دەکرێت، کە بووەتە هۆی دوورخستنەوەی چەندین ئەفسەری باڵا؛ ئەمەش وەک هەوڵێکی شی جین پینگ بۆ مسۆگەرکردنی دڵسۆزیی تەواوی سوپا بۆ پارتە دەسەڵاتدارەکە دەبینرێت.
 
گۆڕانکاری لە شەفافیەت دا
 
تێبینی دەکرێت پەکین چاودێرییە میدیاییەکانی تووندتر کردووە. بۆ نموونە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی ساڵانەی سەرۆکوەزیران، کە دەرفەتێکی دەگمەن بوو بۆ رۆژنامەنووسان تا پرسیار لە سیاسەتەکانی حکومەت بکەن، وەک ئاماژەیەک بۆ کەمبوونەوەی شەفافیەت و توندترکردنی گوتاری سیاسی لێکدەدرێتەوە.
 
کۆبوونەوەکانی "دوو خولەکە" لە ساڵی 2026، تەنیا کۆبوونەوەی ئاسایی نین؛ بەڵکو کێشانی نەخشەی چینێکی نوێن، کە دەیەوێت لەناو ئاڵنگارییە ناوخۆییەکان و ململانێ نێودەوڵەتییەکان دا، وەک زلهێزێکی تەکنەلۆژی و ئابووری بمێنێتەوە. ئەنجامی ئەم کۆبوونەوانە نەک تەنیا چارەنووسی 1.4 ملیار چینی، بەڵکو بازاڕەکانی جیهانیش دیاری دەکەن.