وردەکاریی رزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە لەنێو جەرگەی ئێران

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا "سی ئای ئەى" لە رێگەی ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆزی هەواڵگری و سەربازییەوە، توانی فڕۆکەوانێکی وڵاتەکەی لە نێو جەرگەی خاکی ئێران رزگار بکات، ئەمەش دوای ئەوەی توانییان هێزە ئێرانییەکان بە "زانیاریی چەواشەکار" فریو بدەن.
 
رۆژی هەینی 03ـی نیسان، فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی لە جۆری  "ئێف-15ئی" لایەن بەرگریی ئاسمانیی ئێرانەوە پێکرا و تێکشکا. 
 
رووداوەکە لە نێوان هەردوو پارێزگەی (کۆهگیلویە و بوێر ئەحمەد) و (خوزستان) روویدا. 
 
ئەمەش بووە یەکەم فڕۆکەی ئەمریکی کە لە سەرەتای دەستپێکی جەنگ لە 28ـی شوبات بە تەقەی راستەوخۆی ئێران بخرێتە خوارەوە. فڕۆکەوانەکە دەستبەجێ رزگار کرا، بەڵام ئەفسەری سیستمی چەکى فرۆکەکە بێسەروشوێن بوو، کە ئەمەش بووە خاڵی لەپێشینەی سوپای ئەمریکا لە 48 کاژێری رابردوودا.
 
ئێف-15ئی نرخەکەی نزیكەی 100 ملیۆن دۆلارە، بۆ ئەرکی دوورمەودا و لێدانی ئامانجە وشکانییەکان دیزاین کراوە. 
 
کێبڕکێ لەنێوان ژیان و مەرگدا
 
بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایان کرد، کێبڕکێیەکی تووند لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێران هەبووە بۆ گەیشتن بەو ئەفسەرە بریندارە. 
 
ئێرانییەکان لەرێگەی کاروانی سەربازییەوە هەموو ناوچەکەیان پشکنیبوو و تەنانەت حکومەتی ئێران پاداشتێکی گەورەی بۆ هەر کەسێک دیاریکردبوو کە فڕۆکەوانەکە دەستگیربکات. 
 
ئەفسەرە ئەمریکییەکە لەو ماوەیەدا ئامێری پەیوەندیی پارێزراو و ئاماژەی رۆشنایی بەکارهێناوە بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ تیمەکانی رزگارکردن.

 

 
سێ بەرپرسی ئەمریکی بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسیان راگەیاند، ئەفسەرەکە پلەی عەقیدە و بەرپرسی سیستمی چەکی فڕۆکەکە بووە، دوای ئەوەی لەرێگەی چەترەوە لە فڕۆکەکەی باز دەدات، بریندار دەبێت، بەڵام توانیویەتی رێ بکات و بۆ زیاتر لە رۆژێک لە ناو چیاکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئێراندا خۆی لە دەست هێزەکانی سوپای پاسداران بشارێتەوە.
 
ئەم فڕۆکەوانانە خاوەنی مەشقێکن کە پێی دەگوترێ "سێرێ" کە تایبەتە بە (مانەوە لە ژیان، خۆدزینەوە، بەرگری و هەڵاتن).
 
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێ، فڕۆکەوانەکە توانیویەتی بە برینداری بە بەرزیی دوو هەزار و 100 مەتر بەسەر شاخێکدا هەڵبکشێت.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە، بەرپرسانی تاران داوایان لە هۆزە کۆچەرییەکانی ناوچەکە کرد یارمەتی هێزە ئەمنییەکان بدەن بۆ دەستگیرکردنی فڕۆکەوانەکە بە زیندوویی.
 
وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە
 
ترێی یینگست، پەیامنێری نێودەوڵەتی لە تۆڕى "فۆکس نیوز" رۆژی یەکشەممە، 5ی نیسانی 2026 لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە وردەکاریی نوێی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکە بڵاوکردەوە. 
 
بۆ سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە و دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر فڕۆکەوانەکە، "سی ئاى ئەى" "کامپەینێکی هەڵخەڵەتاندنی" گەورەی ئەنجامداوە. 
 
لە رێگەی دزەپێکردنی زانیارییەوە بۆ چەندین سەرچاوە، وا نیشان دراوە کە ئەمریکا دەیەوێت "پارچەیەکی بەنرخ" لە رێگەی دەریاوە بەرەو دەرەوەی ئێران بگوازێتەوە. 
 
ئەم پلانە کاریگەریی هەبووە و وای کردووە هێزەکانی ئێران لەو شوێنە دوور بکەونەوە کە فڕۆکەوانەکەی لێ بووە و سەرنجیان بچێتە سەر کەناراوەکان، ئەمەش رێگەی بۆ تیمەکانی رزگارکردن خۆش کردووە بەبێ پێکدادان ئەرکەکەیان جێبەجێ بکەن.
 
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە سەرەتادا نیگەرانییەکی زۆر هەبووە، سەرەڕای ئەوەی فڕۆکەوانەکە ئاماژەی فریاکەوتنی ناردبوو، بەڵام "سی ئاى ئەى" گومانی دەکرد کە ئەوە "تەڵەیەکی ئێرانی" بێت تاوەکو هێزەکانی ئەمریکا پەلکێشی ناوچەکە بکەن. بەرپرسەکە گوتی: "لێرەدا شتێکی زۆر گەورە لە مەترسیدا بوو."
 

ئۆپەراسیۆنەکە بە یەکێک لە ئاڵۆزترین ئۆپراسیۆنەکانی مێژووی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا دادەنرێت. 
 
تیمی شەشى "نەیڤی سیڵ"ى ئەمریکی کە بەوە ناسراون لە ساڵی 2011 ئۆسامە بن لادنیان کوشت، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشداربوون. 
 
هەروەها، سەدان سەربازی هێزی بژاردەی کۆماندۆ بەشدار بوون. دەیان فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەر پاسەوانییان کرد. 
 
فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆردوومانی کاروانە سەربازییەکانی ئێرانیان کردووە تاوەکو رێگری بکەن لە نزیکبوونەوەیان لە شوێنی حەشارگەی ئەفسەرەکە. 
 
لە کاتی گەیشتنی تیمەکە، رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی تووند لەگەڵ هێزە ئێرانییەکان روویداوە.
 
سوپای پاسدارانی ئێران هەوڵێکی زۆری دابوو تاوەکو بەرلە ئەمریکییەکان بگاتە فڕۆکەوانەکە. 
 
فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا چەندین گورزیان لە هێزە ئێرانییەکان وەشاند تاوەکو رێگری بکەن لە نزیکبوونەوەیان لە شوێنەکە. دوای تەقەیەکی زۆر، توانییان ئەفسەرەکە رزگار بکەن. 
 
دۆناڵد ترەمپ لە سەر ترووس سۆشیاڵ رزگارکردنی فڕۆکەوانەکەی پشتڕاستکردەوە و بە "یەکێک لە بوێرانەترین ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردن لە مێژووی ئەمریکا" وەسفی کرد. 
 
ترەمپ گوتی: "ئەم جەنگاوەرە ئازایە لە ناو چیا مەترسیدارەکاندا بوو و دووژمن سات بە سات لێی نزیک دەبووەوە، بەڵام ئێستا ئەو سەلامەتە."
 
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد،"دەیان فڕۆکە"یان ناردووەتە ناو خاکی ئێران بۆ پاراستنی تیمی رزگارکردن و جەختی کردەوە، هیچ سەربازێکی ئەمریکی لەم ئۆپراسیۆنەدا نەکوژراوە و بریندار نەبووە.
 
سوپای ئێران رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا بە بەکارهێنانی فڕۆکەخانەیەکی چۆڵکراو لە باشووری ئیسفەهان کراوە. 
 
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد کە "دوو فڕۆکەی گواستنەوەی "سی-130" و دوو هێلیکۆپتەری "بلاک هۆک"ی ئەمریکییان وێران کردووە."
 
 
هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە و رۆڵی "سی ئاى ئەى"
 
ئەو ناوچەیەی فڕۆکەکە تێیدا کەوتبووە خوارەوە، ناوچەیەک بووە کە ئۆپۆزسیۆنێکی زۆری رژێمی ئێرانی تێدا نیشتەجێیە. 
 
بەرپرسان پێیان وایە، فڕۆکەوانەکە سوودی لە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە وەرگرتووە بۆ خۆشاردنەوە. 
 
ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا "سى ئاى ئەى" لەرێگەی پڕۆسەیەکەوە کە بە "رزگارکردنی نا ئاسایی بە هاوکاریی مەدەنی" دەناسرێت، رۆڵی هەبووە لە پەیوەندیکردن بەو هاووڵاتیانەی کە ئامادەبوون یارمەتیی سەربازە ئەمریکییەکان بدەن بۆ مانەوە لە ژیان.
 
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ ئاشکرای کرد، ئاژانسی "سی ئای ئەی" شوێنی وردی ئەفسەرەکەی دۆزییەوە کە لەنێو درزێکی چیادا بوو و زانیاریی بە پێنتاگۆن دا. 
 
بەرپرسەکە گوتی: "ئەمە وەک دۆزینەوەی دەرزی وابوو لە نێو کا، بەڵام "سی ئای ئەی" توانی شوێنەکەی دیاری بکات و پاشان سەرۆک ترەمپ فەرمانی رزگارکردنی دەستبەجێی دا."
 
هەر لەسەر چۆنیەتى هەواڵدانى فرۆکەوانەکە، ترەمپ لە گفتوگۆیەکى لەگەڵ ئاژانسى "ئاکسیۆس" ئاشکرایکرد کە یەکەم پەیامى فرۆکەوانەکە "خودا باشە" بووە. سەرۆکى ئەمریکا گوتى، "ئەمە شتێکە کە مسوڵمانێک دەیڵێت" و پاشان کە پرسیارى کردووە، پێیان گوتووە کە فرۆکەوانەکە کەسێکى "دیندارە".
 
 
تەقاندنەوەی فڕۆکە ئەمریکییەکان
 
دوای ئەوەی ئەفسەرەکە رزگار کرا، دوو فڕۆکەی گواستنەوەی ئەمریکی کە بڕیار بوو تیمەکە و فڕۆکەوانەکە بگوازنەوە، لە بنکەیەکی دوورەدەستی ناو ئێران پەککەوتن و نەیانتوانی بفڕن. 
 
فەرماندە سەربازییەکان بڕیارێکی سەختیان دا، سێ فڕۆکەی نوێیان رەوانە کرد بۆ گواستنەوەی سەربازەکان، هەروەها ئەو دوو فڕۆکەیەی کە مابوونەوە بە تەواوەتی تەقاندنیانەوە تاوەکو نەکەونە دەستی سوپای ئێران.
 
ئەلێکس پلیتساس، شرۆڤەکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی، ئەم رزگارکردنە رێگری کرد لەوەی فڕۆکەوانەکە ببێتە "کارتی گوشار" یان بارمتەی سیاسی بە دەست تارانەوە.
 

ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای ئەوە دێت کە رۆژی شەممە، 4ی نیسان، فڕۆکەوانێکی دیکەی ئەمریکی لە ئۆپەراسیۆنێکی جیادا رزگار کرابوو، بەڵام ترەمپ گوتی کە بۆ پاراستنی سەلامەتیی ئۆپەراسیۆنی دووەم، هەواڵەکەیان بە فەرمی پشتڕاست نەکردبووەوە. 
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنجامدانی ئەم دوو ئۆپەراسیۆنە بێ ئەوەی یەک سەربازی ئەمریکی بکوژرێت یان بریندار بێت، دەیسەلمێنێت کە ئەمریکا باڵادەستیی ئاسمانیی تەواوی بەسەر ئێراندا هەیە. 
 
ترەمپ راشیگەیاند کە رۆژی دووشەممە، 6ی نیسانی 2026، کاژێر 01:00ی پاشنیوەڕۆ، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی لە  کۆشکی سپی ئەنجام دەدات.