هێزە بژاردەکانی ئەمریکا چۆن بۆ مانەوە لە ناو جەرگەی ئێران مەشق دەکەن؟
رووداو دیجیتاڵ
رزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە لە ناو جەرگەی چیاکانی ئێران دوای 36 کاژێر خۆشاردنەوە، پەردەی لە سەر جۆرە راهێنانێکی یەکجار قورس و ئاڵۆز لادا کە فڕۆکەوان و هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا پێش کردنی هەر ئەرکێکی جەنگی دەیبینن. ئەم مەشقە بە (SERE) دەناسرێت.
پڕۆگرامی (SERE) چییە؟
ئەم دەستەواژەیە کورتکراوەی چوار وشەی سەرەکییە: (Survival) مانەوە لە ژیان، (Evasion) خۆدزینەوە، (Resistance) بەرگری و (Escape) هەڵاتن. ئامانجی ئەم مەشقە ئەوەیە، سەربازەکە دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی، بتوانێت "بە سەربەرزییەوە بگەڕێتەوە نیشتمان."
جەنەڕاڵ دەیڤد دیپتۆلا، فەرماندەی پێشووی هێزی ئاسمانی قسەی بۆ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کرد و گوتی: "ئەم مەشقە بۆ ئەوەیە فڕۆکەوانەکە ئامادە بێت بە تەنیا لە ناو خاکی دوژمندا بمێنێتەوە، رێگری لە دەستگیرکردنی بکات، ئەگەر گیراش، بەرگری لە بەرامبەر لێکۆڵینەوە و چەوساندنەوەدا بکات."
چوار کۆڵەکەی مانەوە لە ناو جەرگەی جەنگدا
یەکەم: مانەوە لە ژیان (Survive)
کاتێک فڕۆکەوانێک بە پەڕەشووت باز دەدات، رووبەڕووی شۆکێکی جەستەیی و دەروونیی گەورە دەبێتەوە. مەشقی (SERE) فێریان دەکات چۆن گوشارەکانیان کۆنتڕۆڵ بکەن و وزەی جەستەیان بپارێزن.
خۆراک و ئاو: فێر دەبن چۆن لە بیابان و جەنگەڵ و ناوچە بەستەڵەکەکاندا ئاو بدۆزنەوە، بە دار و چیلکە ئاگر بکەنەوە و "مێروو، سیسرک و رووەکی کاکتەس" بخۆن بۆ ئەوەی لە برسان نەمرن.
دووەم: خۆدزینەوە (Evade)
ئامانجی سەرەکی ئەوەیە سەربازەکە دەستگیر نەکرێت. هەر گەشتێکی ئاسمانی پلانێکی پێشوەختەی بۆ "رزگارکردن" هەیە. فڕۆکەوانەکە دەبێت بەردەوام لە جووڵەدا بێت و خۆی حەشار بدات تاوەکو دەگاتە خاڵی رزگارکردن.
نموونەی مێژوویی: کاپتن سکۆت ئۆگرادی لە ساڵی 1995 لە جەنگی بۆسنەدا، 6 رۆژ لە ناو خاکی دووژمن مابووەوە و لەرێگەی خواردنی "مێروولە" و جووڵەی شەوانەوە توانی رزگاری بێت.
سێیەم: بەرگری (Resist)
ئەگەر سەربازەکە لە لایەن دووژمنەوە بینرا، دەبێت بەرگری بکات. ئەم بەشەی مەشقەکە زۆر نهێنییە، بەڵام زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە فڕۆکەوانەکان مەشقی هونەرە بەرگرییەکان دەبینن و فێری رێساکانی "رێککەوتننامەی جنێڤ" دەبن. بەپێی فەرمانی دوایت ئایزنهاوەر، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، سەربازی دیل تەنیا بۆی هەیە "ناو، پلە، رۆژی لەدایکبوون و ژمارەی سەربازییەکەی" بە دووژمن بڵێت.
چوارەم: هەڵاتن (Escape)
ئامانجی کۆتایی گەڕانەوەیە بۆ ماڵەوە. فڕۆکەوانەکان فێر دەبن چۆن ئامێرەکانی وەک رادیۆ، جی پی ئێس (GPS) و ئاماژە رۆشناییەکان بەکاربهێنن تاوەکو تیمی رزگارکردن شوێنە وردەکەیان بدۆزنەوە.
بنکەی سەرەکیی مەشقەکان
ناوەندی سەرەکیی ئەم مەشقە مەترسیدارانە لە بنکەی ئاسمانیی فەیرچایڵدە لە ویلایەتی واشنتن. مایکڵ سالڤاجیۆ، یەکێک لە راهێنەرەکان دەڵێ: "ئێمە هەموو ئامرازێکیان دەدەینێ تاوەکو لە دووژمن رابکەن و بە سەلامەتی بگەڕێنەوە."
ئەو فڕۆکەوانە ئەمریکییەی ئەم هەفتەیە لە ئێران رزگار کرا، بە سەختی بریندار بوو، بەڵام بەهۆی ئەم مەشقە تووندانەوە توانی لە ناوچەیەکی دوورەدەست و شاخاوی بۆ ماوەی 36 کاژێر لە دەست هێزە ئێرانییەکان رابکات کە بە چڕی بە دواییدا دەگەڕان.