ترەمپ: ئەگەر لەگەڵ ئێران رێکنەوین، ناردنی هێزی زەوینی رەتناکەمەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر تاران بەم زووانە نەگاتە رێککەوتن و تەنگەی هورمز نەکاتەوە، ئەگەری ناردنی هێزی زەوینی بۆ ناو خاکی ئێران رەتناکاتەوە. هەروەها هۆشداری دا کە رۆژی سێشەممە (بەکاتی ئەمریکا) دەبێتە "رۆژی وێرانکردنی وێستگەکانی کارەبا و پردەکان" لە سەرتاسەری ئێراندا
 
رۆژی یەکشەممە، 5ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ماڵپەڕی (The Hill)، پرسیاری لێکرا، کە ئایا بژارەی ناردنی هێز رەتدەکەیەوە؟ گوتی: "نەخێر. کەسانی ژیر رێککەوتن دەکەن، ئەگەر ئێرانییەکان ژیر بن، رۆژی دووشەممە رێککەوتن دەکەن."
 
پێشتر ترەمپ لە ترووس سۆشیال نووسیبووی: "رۆژی سێشەممە لە ئێران دەبێتە رۆژی وێستگەی کارەبا و رۆژی پردەکان، هەمووی پێکەوە. شتی وا تاوەکو ئێستا نەبینراوە! تەنگەی هورمز بکەنەوە. ئەگەرنا لە ناو دۆزەخدا دەژین؛ تەنیا تەماشا بکەن!"
 
ئەم هەڕەشانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە راپرسییەکی نوێی ئاژانسی رۆیتەرز و ئیپسۆس پیشانی دەدات کە 66٪ی ئەمریکییەکان داوای کۆتاییهێنان بەم جەنگە دەکەن. هەروەها زیاتر لە 100 پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی هۆشدارییان داوە کە هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ وێرانکردنی ژێرخانە سڤیلەکان دەکرێت وەک "تاوانی جەنگ" پۆلێن بکرێن.
 
رۆژی هەینی فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکی لە ئاسمانی ئێران خرایە خوارەوە. دوای چەند رۆژێک لە گەڕان، سوپای ئەمریکا رایگەیاند، توانیویانە هەر دوو فڕۆکەوانەکە بە سەلامەتی بدۆزنەوە و رزگاریان بکەن. ترەمپ جەختی کردەوە کە "هیچ ئامانجێکی ژێرخان لە لیستی لێدانەکانمان دەرناکرێت" تاوەکو تاران تەسلیم نەبێت.
 
رۆژی 28ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی ئێران هێرشیکردە سەر وڵاتانی دراوسێشی. لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە تاران تەنگەی هورمزی داخستووە کە پێش جەنگ رۆژانە نزیکەی 20٪ی نەوتی هەناردەکراوی جیهانی پێدا دەڕۆشت.