راپۆرتێک: چین بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران نۆژەن دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگ دەڵێ، چین بە ناردنی پێکهاتەکانی سووتەمەنیی مووشەک، هاوکاریی ئێران دەکات بۆ بونیادنانەوەی بەرنامە مووشەکییەکەی. ئەمە لە کاتێکدایە هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵی پەکخستنی تەواوەتیی توانای سەربازی ئێران دەدەن.
 
هاوکارییەکانی چین و نۆژەنکردنەوەی خێرای سیستمەکان
 
بەپێی راپۆرتەکەی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگ، چین بە ناردنی چەندین باری "پێکهێنەری سووتەمەنیی مووشەک" یارمەتی تاران دەدات تاوەکو ئەو زیانانە قەرەبوو بکاتەوە کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەر بەرنامە مووشەکییەکەی کەوتوون. 
 
هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی ئەو حەشارگە و سەکۆ مووشەکییانەیە کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پێکراون، تەنانەت لە هەندێک دۆخدا تەنیا چەند کاژێرێک دوای هێرشەکان، سەکۆکانیان گەڕاندووەتەوە بۆ باری ئامادەیی.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، پەیمانگاکە جەخت دەکاتەوە کە ئەمە تەنیا بەشێکی بچووکی سیستمەکەیە و ژێرخانە گەورەکە هێشتا پەکیکەوتووە. هاوکات نەبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان هێزە ئێرانییەکاندا، وایکردووە سیستمە مووشەکییەکانی مەودا مامناوەند بە شێوەیەکی لاواز کار بکەن.
 
بۆردومانکردنی ژێرخانی پشتیوانی و پیشەسازی
 
پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگ باس لەوە دەکات کە بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران تەنیا سەکۆی هاوێشتن نییە، بەڵکو دامەزراوەیەکی سەربازیی ئاڵۆزە و تێکشاندنی پێویستی بە پێکانی هەردوو لایەنی جەنگی و پشتیوانی هەیە.
 
هەرچەندە هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ناوەندەکانی توێژینەوە و دامەزراوە پیشەسازییەکانیان بە چڕی بۆردومان کردووە، بەڵام هەوڵەکانی چین بۆ بونیادنانەوەی ئەم بەشانە، دەکرێ هەوڵەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ لەنێوبردنی تەواوەتیی بەرنامە مووشەکییەکە پەک بخات.
 
هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەکخستنی هێزی پیشەسازیی بەرگریی ئێران، هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامن لە بۆردوومانکردنی دامەزراوە پترۆکیمیاییەکان، ئەمەش بە ئامانجی بێبەشکردنی تاران لە هەر توانایەکی پیشەسازی کە یارمەتی بونیادنانەوەی جبەخانە سەربازییەکەی بدات.