تیمی ئارتیمس2 بە چاوی ئاسایی لێکۆڵینەوە لە مانگ دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 50 ساڵ بە سەر یەکەم گەشتی مرۆڤ بۆ دەوروبەری مانگ، بڕیارە رۆژی دووشەممە کەشتیوانانی ئەرکی ئارتیمس2 ئەو دەستکەوتە دووبارە بکەنەوە، بەڵام ئەمجارە بە بەکارهێنانی سادەترین ئامراز: چاوی ئاسایی مرۆڤ.
 
سەرەڕای پێشکەوتنی یەکجار زۆری تەکنەلۆژیا لەدوای گەشتەکانی ئەپۆڵۆ، ئاژانسی ناسا هێشتا پشت بە هەستی بینینی کەشتیوانەکانی دەبەستێت بۆ تێگەیشتنی باشتر لە مانگ. 
 
چاو.. باشترین کامێرای جیهان
 
کیلسی یانگ، زانای ئارتیمس2 رایگەیاند: "چاوی مرۆڤ لە راستیدا باشترین کامێرایە کە هەبێت یان لە داهاتوودا دروست بکرێت، چونکە ژمارەی وەرگرەکان لە چاوی مرۆڤدا زۆر زیاترە لەوەی کامێراکان دەیکەن."
 
ناسینەوەی رەنگ و تیشک
 
زانایانی ناسا دەڵێن، چاوی مرۆڤ زۆر لێهاتووە لە ناسینەوەی رەنگەکان و دیاریکردنی دۆخی شوێنەکان، بەتایبەتی لە پێوانەکردنی بڕی تیشکی خۆر لە سەر رووی مانگ. مرۆڤ دەتوانێت تەنیا بە چاو لێتروکانێک تێبینیی گۆڕانی وردی رەنگەکان بکات و تێبگات چۆن تیشک کاریگەری دەکاتە سەر شێوەی زەوی، کە ئەم وردەکارییانە بە وێنە و ڤیدیۆ زۆر ئەستەمە دیاری بکرێن. ڤیکتۆر گلۆڤەر، فڕۆکەوانی کەشتیی ئۆریۆن، چاوەکانی مرۆڤی بە "ئامرازێکی جادوویی" وەسف کرد.
 
تیمی ئارتیمس 2 کە لە چوار کەس پێکهاتوون (رێد وایزمان، ڤیکتۆر گلۆڤەر، کریستینا کوك و جێرمی هانسنی کەنەدی)، بۆ ماوەی زیاتر لە 2 ساڵ مەشقیان کردووە تاوەکو ببنە "زانای مەیدانی." ئەوان سەردانی ناوچە جیۆلۆجییەکانی ئایسلەندا و کەنەدایان کردووە و چەندین تاقیکردنەوەیان کردووە بۆ ناسینەوەی 15 ناوچەی سەرەکیی سەر رووی مانگ تاوەکو بتوانن بە چاو شوێنی خۆیان دیاری بکەن.
 
مانگ لە قەبارەی "تۆپێکی باسکە"
 
نوا پیتیرۆ، سەرۆکی تاقیگەی جیۆلۆجیی هەسارەکان لە ناسا دەڵێ، کاتێک کەشتیوانەکان دەگەنە دەوروبەری مانگ، مانگ بە قەبارەی "تۆپێکی باسکە" دەبێت کاتێک دەستیان رادەکێشن. گرنگترین پرسیار بۆ زانایان ئەوەیە ئایا مرۆڤ دەتوانێت پلەکانی رەنگی قاوەیی و خۆڵەمێشی بە وردی ببینێت؟ چونکە ئەمە زانیاریی گرنگمان دەداتێ دەربارەی پێکهاتە و مێژووی دروستبوونی مانگ.
 
هەرچەندە چاوەڕوانی دۆزینەوەی زۆر گەورە ناکرێت بەهۆی هەبوونی وێنەی وردی مانگە دەستکردەکان، بەڵام دەیڤد کرینگ لە پەیمانگەی مانگ و هەسارەکان دەڵێ: "ئەوەی کەشتیوانەکان بە چاوی خۆیان دەیبینن و وەسفی دەکەن، رووداوێکە کە لانیکەم دوو نەوەی دانیشتووانی زەوی پێشتر نەیانبیستووە."
 
ناسا بڕیاریداوە پڕۆسەی سوڕانەوەی کەشتیی ئارتیمس 2 بە دەوری مانگدا بە شێوەیەکی راستەوخۆ پەخش بکات، تاوەکو جیهان پێکەوە بینەری ئەم وەرچەرخانە زانستییە بێت.