بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.3 ژاپۆنی هەژاند
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی کەشوهەوای ژاپۆن رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.3 پلەی رێختەر هەرێمی ئیشیکاوای لە نێوەراستی ژاپۆن هەژاندووە.
رۆژی هەینی، 5ـی ئایاری 2023، ئاژانسی بوومەلەرزەزانیی ژاپۆن رایگەیاند، بوومەلەرزەکە کاژێر 2:42 بەیانیی رۆژی هەینی بە کاتی نێوخۆی ژاپۆن [کاژێر 8:42 خولەکی بەیانی بە کاتی هەرێمی کوردستان] روویداوە.
ئاژانسی بوومەلەرزەزانی ژاپۆن رایگەیاند: "قووڵایی بوومەلەرزەکە 6 کیلۆمەتر بووە و چاوەڕێی روودانی تسونامی لێناکرێت."
دەزگای بوومەلەرزەزانیی ئەمریکا، گوڕی بوومەلەرزەکەی بە 6.2 پلەی رێختەر دیاریکردووە.
بەهۆی بوومەلەرزەکەوە، هێڵی گواستنەوەی شەمەندەفەری نێوان شارەکان وەستاون و خەڵکی لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرەوە.
ساڵی 2007 لە هەمان ناوچەی ژاپۆن بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 6.9 پلەی رێختەر روویدا و سەتان هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 200 خانووش رووخان.
ژاپۆن زوو زوو رووبەڕووی بوومەلەرزە و تەقینەوەی گڕکانی دەبێتەوە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وڵاتەکە دەکەوێتە سەر "ئەڵقەی ئاگر"ـی دەریای هێمن، کە پشتێنەیەکی تووندی چالاکی بوومەلەرزە و تەقینەوەی گڕکانە.