مارکۆ روبیۆ بۆ رووداو: ترەمپ دەیەوێ خەڵکی ئێران توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەو شتانەی هەبێ بەسەریاندا دێت


رووداو دیجیتاڵ 

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری رووداو دا گوتی، دۆناڵد ترەمپ بە دیمەنەکانی چەوساندنەوەی خەڵکی ئێران خەمبارە و دەیەوێ هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە توانای ئەوەیان هەبێت "شەڕ دژی ئەو شتانە بکەن کە بەسەریاندا دێت."

لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن، سەبارەت بە لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی پێدانی چەک بە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتێکدا ئەو هێزانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتی دەکەنەوە هیچ چەکێکیان بەدەست گەیشتبێت، روبیۆ روونکردنەوەی دا.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "ئەوەی کە سەرۆک دەریدەبڕێ و دووپاتی کردووەتەوە؛ سەرۆک بەم وێنانە خەمبارە. بیر لەوەبکەرەوە کە تۆ ئێرانی بیت، دڵخۆش نیت کە ئابوورییەکەتان سوودی بۆتان نییە، ئازادیتان نییە، دەرفەتی ئەوەتان نییە رای خۆتان دەربڕن، هاوڕێتان هەیە کە بە گولـلە لە سەریان دراوە، چونکە خۆپیشاندانیان کردووە."
 
روبیۆ ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە جێگەی خەمە بۆ ترەمپ کە دەبینێت ئەو خەڵکە دەچەوسێنرێنەوە و ناتوانن هیچ رێکارێک دژی حکومەت بگرنەبەر".
 
روبیۆ گوتی: "ئەگەر لەبیرتان بێت لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2009، [حکومەتی ئێران] خەڵکی لەسەر شەقام دەکوشت، ئەمە رژێمێکی دڕندەیە. ئەوان خەڵک بە کرێن لە نێوەڕاستی شار دەکوژن بۆ ئەوەی خەڵک بیانبینێت. ئەو دەسەڵاتە لە کوشتنی خەڵک بەردەوامە، لە ماوەی دەیە و نیوی رابردووشدا هەر بەردەوام بووە."
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، ئەوەی ترەمپ دەیەوێت بیڵێ ئەوەیە کە دەبێت خەڵکی ئێران توانای هەبێت رووبەڕووی ئەو دۆخە ببێتەوە. روبیۆ گوتیشی: "من ئەوە بە شتێکی جیا دەبینم لەو شتە دیاریکراوانەی لەم ئۆپەراسیۆنە دەکران، پێش ئەوەی کۆتاییان بێت، بێگومان جیا لەو ئۆپەراسیۆنەی کە ئێستا بەردەوامە."
 
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی مارکۆ روبیۆ:
 
رووداو: بەڕێز وەزیر، سەرۆک [ترەمپ] چەندین جار رایگەیاندووە کە چەک دراوە بە گرووپە کوردییەکان تاوەکو بیگەیێننە دەست خەڵکی ئێران، بەڵام لایەنە سیاسییە کوردییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێن، هیچ چەکێکیان بەدەست نەگەیشتووە و هەندێکیش دەڵێن ئەو چەکانە هێشتا لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکادان لە ناوچەکە. دەکرێت روونی بکەنەوە ئەو چەکانە بە کێ دراون؟ ئایا بە نیازن وەریانبگرنەوە یان هێشتا دەتانەوێت بیگەیێننە دەست خەڵکی ئێران؟
 
ئەوەی کە سەرۆک دەریدەبڕێ و دووپاتی کردووەتەوە؛ ئەو دەیەوێ خەڵکی ئێران ... سەیرکە، سەرۆک بەم وێنانە خەمبارە. بیر لەوەبکەرەوە کە تۆ ئێرانی بیت، دڵخۆش نیت کە ئابوورییەکەتان سوودی بۆتان نییە، ئازادیتان نییە، دەرفەتی ئەوەتان نییە رای خۆتان دەربڕن، هاوڕێتان هەیە کە بە گوللـە لە سەریان دراوە، چونکە خۆپیشاندانیان کردووە. ئەمە جێگەی خەمە بۆ سەرۆک کە دەبینێت ئەو خەڵکە دەچەوسێنرێنەوە و ناتوانن هیچ رێکارێک دژی حکومەت بگرنەبەر. ئەگەر بەبیرتان بێت لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2009، [حکومەتی ئێران] خەڵکی لەسەر شەقام دەکوشت، ئەمە رژێمێکی دڕندەیە. ئەوان خەڵک بە کرێن لە نێوەڕاستی شار دەکوژن بۆ ئەوەی خەڵک بیانبینێت. ئەو دەسەڵاتە لە کوشتنی خەڵک بەردەوامە، لە ماوەی دەیە و نیوی رابردووشدا هەر بەردەوام بوون. بۆیە بەڕای من، ئەوەی سەرۆک ترەمپ دەیەوێ بیڵێت، ئەو دەیەوێ خەڵکی ئێران توانای هەبێت شەڕ دژی ئەو شتانە بکەن کە بەسەریاندا دێت. من ئەوە بە شتێکی جیا دەبینم لەو شتە دیاریکراوانەی لەم ئۆپەراسیۆنە دەکران، پێش ئەوەی کۆتاییان بێت، بێگومان جیا لەو ئۆپەراسیۆنەی کە ئێستا بەردەوامە."