ناسنامەی دوو لە هێرشکارەکانی لەندەن ئاشکراکرا
رووداو - لەندەن
پۆلیسی لەندەن ناسنامەی دوو لە هێرشکارەکانی لەندەنی ئاشکراکرد و رایگەیاند، هێرشکارەکان ناویان رەشید رەزوان و خورام شازادـە.
بەپێی میدیاکانیش خورام شازاد تەمەنی 27 ساڵە و خەڵکی پاکستانە، ژن و منداڵی هەبووە و رەشیدیش تەمەنی 30 ساڵ بووە.
میدیاکانی بەریتانیاش بڵاویانکردەوە، خوڕەم بە "ئەبو" یان "ئەبو زەیتون" ناسراو بووە و کاتێک منداڵ بووە لەگەڵ دایک و باوکی لە پاکستانەوە چوونەتە بەریتانیا و لە رۆژهەڵاتی لەندەن ژیاون.
یەکێک لە دراوسێکانی رایگەیاند، خوڕەم زۆر حەزی لە یاری تۆپی پێ بووە و هاندەری یانەی ئارسناڵیش بووە.
میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە کە رەشید رەزوانیش بە رەچەڵەک مەغریبی و لیبی بووە.لێکۆڵینەوە بۆ دیاریکردنی ناسنامەی هێرشکاری سێیەمیش بەردەوامە.
کاژێری 10ـی شەوی شەممە 3-6-2017 بە کاتی بەریتانیا، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری سپی لەسەر پردی لەندەن و لە ناوەڕاستی ئەو شارە خۆی کرد بەنێو هاووڵاتیاندا، بەهۆیەوە حەوت کەس کوژران و 50 کەسی دیکەش برینداربوون.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن