ئەمریکا داوا لە سعودیە و ئیسرائیل دەکات پەیوەندیی دروست بکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوا لە سعودیە و ئیسرائیل دەکات کە پەیوەندیی دروست بکەن، ئەمەش بە گوتەی ئەو بۆ ئەمریکا "گرنگە."
رۆژی دووشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2023، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێش دەستپێکردنی گەشتەکەی بەرەو سعودیە، لەبەردەم لیژنەی کاروباری گشتیی ئیسرائیل - ئەمریکا، ناسراو بە AIPAC، دروستکردنی پەیوەندیی لە نێوان سعودیە و ئیسرائیلی بۆ ئەمریکا بە "گرنگ" دانا و داوای لە هەردوو وڵاتەکە کرد ئەو پەیوەندییە دابمەزرێنن.
بلینکن گوتی: "ئەمریکا بەرژەوەندییەکی راستەقینەی نیشتیمانی لە دروستکردنی پەیوەندیی نێوان سعودیە و ئیسرائیلدا هەیە. ئێمە پێمانوایە دەتوانین رۆڵێکی بەرچاو لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە بگێڕێن."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد کە وڵاتەکەی پابەندە بە "رێککەوتنی ئەبراهەم"، هەروەها راشیگەیاند. هەرچەندە ئیسرائیل و سعودیە لەسەر چەندین ئاست پەیوەندییان هەیە، بەڵام تائێستا سعودیە هەنگاوی بەرەو رێککەتنەکە نەناوە.
رۆلی ئیسرائیل لە ناوچەکە، بەگوتەی، بلینکن، "رۆڵێکی گرنگە و دەبێتە هۆی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی زیاتر لە ناوچەکە."
بلینکن گوتی: "هەوڵەکانی یەکگرتن و دروستکردنی پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و سعودیە، پەیوەندی بە پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین نییە."
بلینکن لە پێش ئامادەبووانی لیژنەکە جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن رێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و گوتی: "ئەگەر ئێران رێگە دیپلۆماسییەکان رەتبکاتەوە، ئەوە سەرۆک بایدن بە روونی باسی لەوە کردووە کە هەموو بژارەکان لەبەردەستن."
ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات و بەحرێن، لە ئەیلولی 2020، بەنێوەندگیری ئەمریکا پەیوەندی دروستکرد، دوای ئەوەش، ئەمریکا رێککەتنەکەی بە "رێککەوتنی ئەبراهەم" ناوبرد و داوای لە وڵاتانی دیکەی عەرەبی کرد کە بێنە نێو رێککەوتنەکە.
رۆژی دووشەممە، 5-6-2023، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "لە رۆژی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بە فەرمی باڵیۆزخانەی ئێران لە شاری ریاز و کۆنسوڵخانەی گشتی لە جەدە و نووسینگەی نوێنەرایەتیی ئێران لە رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی دەکرێنەوە."
رێککەوتنەکەی ئێران و سعودیە بووەتە جێگەی نیگەرانیی ئیسرائیل و بەربەست لەبەردەم هەوڵەکانی ئیسرائیل دروستدەکات، کە دەیەوێت لەڕووی دیبلۆماسییەوە، ئێران گۆشەگیر بکات.