دانیمارک دەیەوێت شوێنی نوێژکردن لە زانکۆکان دابخات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی دانیمارک بە میدیای وڵاتەکەی گوت، پلانی درێژکردنەوەی قەدەخەی سەرپۆشی تەواوەتییان لە شوێنە گشتییەکان و جێبەجێکردنیان بەسەر قوتابخانە و زانکۆکاندا هەیە. دەشڵێت، دەیەوێت شوێنی نوێژکردن لە زانکۆکانی وڵاتەکەیدا دابخرێن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 5ی حوزەیرانی 2025، میتە فریدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "پێویستە خودا وەلابندرێت. مافی ئازادی باوەڕ و جێبەجێکردنی دینەکەتت هەیە، بەڵام پێویستە دیموکراسی لەپێشتر دابندرێت". 
 
ژمارەی دانیشتووانی دانیمارک 5.9 ملیۆن کەسە کە 5.1٪یان موسڵمانن.
 
لە ساڵی 2018ـەوە دانیمارک پۆشینی نیقاب و سەرپۆشی تەواوەتی لە شوێنە گشتییەکان قەدەخەکردووە و ئەوانەی ئەو کارەش دەکەن سزا دەدرێن. لەو کاتەوە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئایینیەکان رەخنەیان لە بڕیارەکە گرتووە و بە پێشێلکردنی ئازادی ئایینی و ئازادی هەڵبژاردنی ژنانیان داناوە. پاڵپشتیکارانی بڕیارەکەش دەڵێن، ئەم بڕیارە هاوکارە بۆ زووتر تێکەڵبوونی پەناخوازە موسڵمانەکان بە کۆمەڵگەی دانیمارکی.
 
جێبەجێکردنی بڕیارەکە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵە و سەرۆکوەزیرانی دانیمارک دەشڵێت، پلانی درێژکردنەوەیان هەیە. گوتیشی، دەیانەوێت ژووری نوێژکردنیش لە زانکۆکان دابخەن، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، بۆ "کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی و سەرکوتکردن" بەکاردەهێندرێن. ئاماژەی بەوەش کرد، دەست بە داواکردن لە زانکۆکان دەکەن کە ئەو شوێنانە دابخەن. 
 
فریدریکسن لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوە دا، "ئەمە بڕیارێک نییە کە ئێمە بمانەوێت یان نا. چالاکانە هەنگاودەنێین بۆ ئەوەی پشانیبدەین کە ئەو شوێنانەمان ناوێن، چونکە بۆ سەرکوتکردنی کچان و تەنانەت کوڕانیش بەکاردەهێندرێن".