بڕیاری قەدەخەی چوونە ئەمریکا کاردانەوەی وڵاتانی ئەفریقای لێکەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەت، خەڵک و بەرپرسانی وڵاتانی ئەفریقا نیگەرانی بڕیارەکەی ئیدارەی ئەمریکان بۆ قەدەخەکردنی گەشتی هاووڵاتییانیان بۆ ئەو وڵاتە. یەکێتیی ئەفریقا دەڵێت، ئەم قەدەخەیە زیان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتن دەگەیەنێت.
دوێنێ چوارشەممە، 4ی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەکو بەشێک لە هەڵمەتێکی ئیدارەکەی بۆ تووندکردنی رێوشوێنەکانی کۆچ کە لە سەرەتای گەڕی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا دەستیپێکرد، گەشتکردنی ئەمریکا لەسەر هاووڵاتیانی 12 وڵاتی جیهان قەدەخە کرد. ئەوان ناتوانن ڤیزەی ئەمریکا بەدەست بهێنن. لەنێو ئەو 12 وڵاتەش، حەوتیان ئەفریقین.
بەگوێرەی فەرمانەکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ئەو وڵاتانەی ئەو بڕیارە نوێیەیان بەسەردا سەپێندراوە بریتین لە؛ ئێران، ئەفغانستان، یەمەن، لیبیا، سوودان، سۆماڵ، میانمار، چاد، کۆنگۆ، گینیای ئیستوایی، ئێریتریا و هایتی.
ئەمڕۆ، یەکێتیی ئەفریقا راگەیێندراوێکی لەسەر ئەم رێکارەی ئەمریکا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، قەدەخەکردنەکە زیان بە "پەیوەندییەکانی خەڵک-خەڵک (هاووڵاتییانی ئەمریکی و ئەفریقی)، هاوئاهەنگیی پەروەردەیی، پەیوەندی بازرگانی و پەیوەندییە فراوانە سیاسیەکانمان" دەگەیەنێت کە دروستکردنیان دەیان ساڵی ویستووە.
یەکێتییەکە دەشڵێت، پێویستە واشنتن رێگەیەکی گونجاو و بنیاتنەرانە لەگەڵ ئەو وڵاتانە بۆ رەواندنەوەی نیگەرانیەکانی بگرێتەبەر. بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ رۆژی 9ی ئەم مانگە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەکە؛ ترەمپ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە رایگەیاند: "رێگە نادەین ئەو کەسانە بێنە ناو وڵاتەکەمانەوە کە دەیانەوێت زیانمان پێبگەیەنن.. لیستەکە رەنگە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و وڵاتی دیکەشی بۆ زیاد بکرێت."
بڕیارەکە دوای چی بوو؟
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەم رێکارەیان دوای هێرشی هاووڵاتییەکی میسری بوو بۆ سەر ژمارەیەک جوو لە کۆلۆرادۆ. رۆژی یەکشەممە هێرشەکە لەلایەن پیاوێکی میسریەوە کرا و شەش کەس بریندار بوون.
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (ئێف بی ئای) هێرشەکەی بە "هێرشێکی تیرۆریستیی ئامانجدار" ناوبرد و رایگەیاند، گومانلێکراوەکە ناوی محەممەد سەبری سولەیمان و تەمەن 45 ساڵە و دەستگیرکرا. بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، محەممەد سەبری سولەیمان بە رەچەڵەک میسرییە و ساڵی 2022 بە ڤیزەی کاتی چووەتە ئەمریکا.
محەممەد سەبری خێزاندار بووە و پێنج منداڵی هەیە.
ئیدارەی ئەمریکا بە نیازی دیپۆرتکردنەوەی خێزانی هێرشکارەکە بوو، بەڵام دادوەرێکی دادگەی ناوچەیی کۆلۆرادۆ هەوڵەکانی راگرت.
چاد پێدانی ڤیزای بە هاووڵاتییانی ئەمریکا راگرت
محەممەد ئیدریس دیبی، سەرۆکی چاک لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "چاد هیچ فڕۆکەیەک یان ملیاران دۆلاری نییە بیبەخشێت، بەڵام شکۆ و شانازی هەیە". سەرۆکایەتی وڵاتەکەش دەڵێت، پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی ئەمریکی رادەگرن، ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ ئەو رێکارەی ئەمریکا.
عەبدوڵـڵا سەبری فادول، وەزیری دەرەوەی چادیش رایگەیاند، شۆک بوون بە بڕیارەکەی ئەمریکا بەتایبەت کە هۆکاری قەدەخەکردنەکەیان بۆ "تیرۆرستی" گەڕاندووەتەوە و وڵاتەکەشیان هیچ پەیوەندییەکی بەو بابەتەوە نییە.
تێری موۆنگالا، گوتەبێژی حکومەتی کۆماری کۆنگۆش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "پێمانوایە هەڵەتێگەیشتنێک هەیە." گوتیشی: "کۆنگۆ وڵاتێکی تیرۆرستی نییە، هاوکاری تیرۆریستان ناکات".