مێتا رەتی دەکاتەوە 300 ملیۆن دۆلاری پێشکێشی بەهرەمەندانی ژیریی دەستکرد کردبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای مێتا ئەو هەواڵانەی رەتکردنەوە گوایە کۆمپانیاکە بە سەرۆکایەتیی مارک زوکەربێرگ، بۆ راکێشانی بەهرەمەندان لە کۆمپانیای OpenAI تاوەکو 300 ملیۆن دۆلاری وەکو پێشنیازی دارایی پێشکێش کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی کێبڕکێیەکی تووند بۆ باڵادەستبوون لە بواری ژیریی دەستکرددا.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی Wired، زوکەربێرگ پێشنیازی بڕە پارەیەکی زۆری پێشکێشی لانیکەم 10 کارمەندی OpenAI کردووە کە بژاردەی وەرگرتنی پشکیان لە مێتا پێدراوە، کە بریتییە لە 100 ملیۆن دۆلار لە پشکەکان لە ساڵی یەکەم و تاوەکو 300 ملیۆن دۆلاریش لە چوار ساڵدا.
 
بەڵام گوتەبێژێکی مێتا ئەو هەواڵەی رەتکردەوە و گوتی، ئەو پاکێجانەی مووچە لە مووچەی ساڵانەی هەندێک لە باشترین بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکانی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا زیاترە، لەنێویاندا دارا خوسرەوشاهی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی ئوبەر (39.4 ملیۆن دۆلار) و ساتیا نادێلا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مایکرۆسۆفت (79.1 ملیۆن دۆلار).
 
ئاندی ستۆن، گوتەبێژی مێتا بە میدیای ئەمریکیی گوت، "ئەم لێدوانانە راست نین، قەبارە و پێکهاتەی ئەم پاکێجانەی مووچە بە هەموو شێوەیەک بە هەڵە نیشاندراوە." گوتیشی، "هەندێک کەس دەیانەوێت بۆ مەبەستی خۆیان، ئەوەی روودەدات زۆر گەورەی بکەن."
 
سەرەڕای ئەوەش، بەگوێرەی چەندین راپۆرت، مێتا لە هەفتەکانی رابردوودا لانیکەم هەشت پسپۆڕی بواری ژیریی دەستکردی OpenAI دامەزراندووە. ئەو کەسانەی دامەزراندنیان پشتڕاستکراوەتەوە کارمەندی ئاستبەرزن و رۆڵی سەرەکییان لە پەرەپێدان و راهێنانی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکردی OpenAIدا هەبووە.
 
سام ئاڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری OpenAI، رەخنەی تووندی لە شێوازی "راوکردنەکەی" زوکەربێرگ گرت و بە کارمەندانی گوتووە کە مێتا "بە شێوازێک مامەڵە دەکات تاڕادەیەک ناخۆشە."
 
لە نامەیەکدا کە میدیای ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، ئاڵتمان نووسیویەتی، "بێگومان مێتا چەند کەسێکی گەورەی بردووە، بەڵام بە گشتی نەیتوانیوە کەسە هەرە باڵاکان ببات و ناچاربووە زۆر بچێتە خوارەوەی لیستەکە."
 
ئاڵتمان گوتووشیەتی، "شانازی بەوە دەکەم کە پیشەسازییەکەمان چەندە ئامانجدارە؛ بێگومان هەمیشە هەندێک بەکرێگیراو هەر دەبن."
 
هاوکات، مارک چێن، بەرپرسی باڵای توێژینەوەی OpenAI لە یاداشتێکدا بۆ کارمەندان نووسیویەتی: "ئێستا هەستێکی زۆر ناخۆشم هەیە، وەک ئەوەی کەسێک هەڵیکوتابێتە سەر ماڵەکەمان و شتێکی دزیبێت." 
 
چێن بەڵێنی دا کە کۆمپانیاکە شانبەشانی مێتا لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی بەهرەمەندەکاندا بجەنگێ و کار لەسەر "هەڵسەنگاندنەوەی مووچە و پاداشتەکان" بکات.
 
زوکەربێرگ هەوڵێکی گەورە دەدات بۆ ئەوەی مێتا، واتە کۆمپانیای خاوەنی فەیسبوک و ئینستاگرام، بخاتە پێشەنگی بواری ژیریی دەستکردەوە، ئەمەش بە کردنەوەی "تاقیگەکانی سوپەر زیرەکی مێتا"(MSL). هەروەها ئەلێکساندەر وانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی Scale AI، وەک یەکەم بەرپرسی سەرەکیی ژیریی دەستکردی مێتا دەستبەکاربووە.