کچە کوردێک خەڵاتی باشترین توێژینەوەی لە زانکۆی کوێلنی ئەڵمانیا بەدەستهێنا
رووداو دیجیتاڵ
ئەروا عەبدولحەمید حەزی لێ نییە پێی بڵێن "خاوەن پێداویستیی تایبەت." ئەو لە شاری کوێلنی ئەڵمانیا دەژی و ئەم ساڵ نامەی دەرچوونەکەی خەڵاتی باشترین توێژینەوەی لە زانکۆی کوێلن پێدرا.
ئەروا عەبدولحەمید، براوەی خەڵاتی باشترین توێژینەوە لە زانکۆی کوێلن دەڵێت، "دەستەواژەی (کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت) شیاو و دروست نین."
ئەروا عەبدولحەمید، کچێکی زیرەک، ئازا و خاوەن ئیرادەیە و رۆژێکیش لە هەوڵەکانی نەوەستاوە، ماوەی 6 مانگ لەسەر تێزی بەکالۆریۆسەکەی کاری کرد و لە ئەنجامدا، وەکو یەکێک لە باشترین توێژینەوەکانی ئەو ساڵە، خەڵاتێکی باڵای لە زانکۆی کویڵن لە ئەڵمانیا بەدەستهێنا، بابەتی توێژینەوەکەی بریتی بوو لە بەراوردی بارودۆخی کەسانی خاوەن توانای تایبەت لە عێراق و ئەڵمانیا.
بەپێی توێژینەوەکەی، لە عێراقدا رێژەی 11% و لە ئەڵمانیا 10%ی دانیشتووان کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەتن، هەروەها جیاوازییەکی زۆر لەنێوان مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوان و کەسانی ئاساییدا هەیە.
ئەروا عەبدولحەمید دەڵێت، "خوێندنی گشتگیر (Inclusive Education) ئەوەیە کە هەموو قوتابییان پێکەوە گەورە بن و بچنە یەک قوتابخانە، ئەگەر قوتابییەک پێویستیی تایبەتی هەبوو، دیاری دەکرێت، بەداخەوە نزیکەی 70%ی ئەو قوتابییانەی دەچنە خوێندنگەی جیا، کەمتر سەرکەوتوو دەبن."
بێگومان ئەروا رەخنەی لە دۆخی عێراقیش هەیە و بە ئامارەکانی نێو توێژینەوەکەی، راستییەکان دەسەلمێنێت. ئەو دەڵێت، "لە عێراق ناوی لێ نراوە (خوێندنی گشتگیر)، بەڵام بەداخەوە کێشەی سەرەکی ئەوەیە پشتیوانیی بەردەوامیان نییە، دوو لە پێنجی قوتابییانی خاوەن پێداویستیی تایبەت ناتوانن بچنە قوتابخانە، زۆر لە قوتابخانەکانیش رایان گەیاندووە کە ناتوانن وەریان بگرن، چونکە توانای هاوکاریکردنیان نییە."
پێش ماوەیەک، ئەروا سەردانی باشووری کوردستانی کرد، هەم بۆ بینینی خێزانەکەی و هەمیش بۆ ئەوەی لە نزیکەوە و لەسەر بنەمای خوێندن و توێژینەوەکەی، ئاگاداری بارودۆخی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بێت.
ئەروا باسی لەوە کرد، "لەوێ ناچار بووم ئۆتۆمبێلێک بە کرێ بگرم و رمپێک پەیدا بکەم بۆ ئەوەی لەکاتی سەرکەوتن و دابەزیندا بەکاری بهێنم، ئەم کێشەیە لە عێراق و کوردستاندا بوونی هەیە، زۆر گرنگ و پێویستە کە بە دابینکردنی پاس یان ئۆتۆمبێلی تایبەت هاوکاریی گواستنەوەیان بکرێت."
ئەروا کەسێکی کۆڵنەدەرە و سەرەڕای ئەو هەموو سەختییە، پێی وایە پێشکەوتنی باشی لە باشووری کوردستان بەدی کردووە، دەڵێت، "لە کوردستان هەوڵ دەدرێت 25%ی قوتابخانەکان، پۆلی تایبەت بۆ ئەو قوتابییانە ئامادە بکەن کە خاوەن پێداویستیی تایبەتن."
لەم چوارچێوەیەدا، ئەروا سەردانی چەند قوتابخانەیەکی کرد بۆئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بێت، یەکێک لەو قوتابخانانە سەرنجی زۆر راکێشا.
ئەروا گوتی، "قوتابخانەی رێباز پۆلێکی تایبەتی بۆ ئەو قوتابییانە کردبووەوە و گوتیان: ئێمە وەریان دەگرین و یارمەتییان دەدەین بۆئەوەی خوێندنیان تەواو بکەن. بەڵام ئاماژەیان بەوەش دا کە کێشەیان ئەوەیە حکومەت هاوکارییان ناکات، جیاوازییەکە لێرەوە دەردەکەوێت؛ لە ئەڵمانیاش بەبێ یارمەتیی حکومەت کارەکان زەحمەتن، بەڵام لێرە ئەو هاوکارییە دابین کراوە."
بابەتێکی گرنگی دیکە، پرسی پێناسەی دروستە، لە زۆرێک لە وڵاتان ئەم گفتوگۆیە هێشتا بەردەوامە و ئەنجامێکی یەکگرتووی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام ئەروا لە رێی لێکۆڵینەوەکەیەوە گەیشتووەتە بۆچوون و دەرەنجامێکی تایبەت بە خۆی و دەڵێت، "کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەوانەن کە خاوەنی توانایەکی جێگرەوەن، واتە هەر یەکێکیان تایبەتمەندییەکی هەیە و دەتوانێت لە بوارێکی جیاوازدا خزمەتێک بە دەوروبەری خۆی بگەیێنێت."
ئێستا ئەروا بەدوای کارێکدا دەگەڕێت تاوەکو وەک کارمەندێکی کۆمەڵایەتی دەستبەکار بێت، بەڵام چالاکییەکانی هەر بەوەندە ناوەستن و دەڵێت، "لێرە کارێکی خۆبەخشانە دەکەم؛ سەردانی هەندێک نەخۆشخانە دەکەم و لەگەڵ ئەو کەسانە دادەنیشم کە تووشی رووداو بوون، گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەم و رێنوێنییان دەکەم کە چۆن بتوانن یارمەتیی خۆیان بدەن دوای ئەوەی نەخۆشخانە جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە ماڵەوە، بەتایبەتی ئەوانەی تووشی شەلەل بوون."
پەیامی ئەروا بۆ داهاتوو ئەوەیە کە لەکاتی دەرکردنی بڕیارەکاندا، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە ژیانی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەتەوە، هەمیشە بۆچوونی خودی ئەو کەسانە وەربگیرێت، هەروەها ئەروا داواکارە کە رێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە مافی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، بەجیددی جێبەجێ بکرێت.
ئەروا عەبدولحەمید کچێکە ژیانی زۆر خۆش دەوێت، هەمیشە بە گەشبینی و پەرۆشییەوە لە ژیان دەڕوانێت؛ کچێکە نەک تەنیا بیری لای خۆیەتی، بەڵکو بیر لە کەسانی دیکەش دەکاتەوە.