سەرۆکی پیرۆ مووچەکەی خۆی دوو هێندە زیاد دەکات و ناڕەزایی لێ دەکەوێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دینا بۆلوارتێ لە ساڵی 2022ـەوە سەرۆکی پیرۆیە. ئەو خانمە تەمەن 63 ساڵە، بە بڕیارێک مووچەکەی خۆی دوو هێندە زیادکردووە.
 
بۆلوارتێ پێشتر مانگانە چوار هەزار و 400 دۆلاری وەردەگرت، ئێستا زیاتر لە 10 هەزار دۆلار وەردەگرێت.
 
خەڵکی وڵاتەکە لێی تووڕەن و دەڵێن، باشتر بوو ئەو پارەیە بۆ کەمکردنەوەی هەژاری خەرج بکرێت، بەڵام وەزیری ئابووریی وڵاتەکە پشتگیری لە هەنگاوەکە دەکات.
 
راوۆڵ پێرێز، وەزیری ئابووری و دارایی پیرۆ دەڵێت، "ئەمە هاوسەنگکردنێکی نێودەوڵەتی بوو لەگەڵ مووچەی سەرۆکانی 12 وڵاتی ئەمریکای لاتین. لە کۆی 12 وڵاتەکە، مووچەی سەرۆکی پیرۆ یازدەهەمین بوو، تەنیا بۆلیڤیا لە خوار ئێمە بوو."
 
دینا بۆلوارێتی، کە بە گوێرەی راپرسییەکان، تەنیا 4٪ی خەڵکی وڵاتەکەی لێی رازین، لەمەودوا مووچەکەی 30 هێندەی کەمترین مووچەی فەرمانبەرانی وڵاتەکەی دەبێت.
 
راوۆڵ پێرێز ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم مووچەیە 20 ساڵ بوو وەک خۆی هێڵدرابووەوە، تاوەکو ئالان گارسیا، سەرۆکی پێشوو بڕیاری دا مووچەی ژمارەیەک بەرپرسی حکومەت کەمبکاتەوە. دواتر سەرۆک ئۆلانتا هومالا لە ساڵی 2015 مووچەی وەزیر و جێگرەکانیانی بەرزکردەوە، بەڵام مووچەی سەرۆک وەک خۆی مایەوە. ئەم بڕیارەی ئێستا بۆ راستکردنەوەی مووچەی سەرۆکە."
 
بڕیارەکە لە کاتێکدایە، رێژەی هەژاری لە پیرۆ نزیکەی 30٪یە. سەرۆکەکانی پیرۆ ناوبانگێکی باشیان نییە لەگەڵ گەندەڵی. لە 2018ـەوە، وڵاتەکە شەش سەرۆکی هەبووە، ئێستا سێیان لە زیندانن.