لە فلیپین بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد رێگری لە بڵاوبوونەوەی مەلاریا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
مافێ کابریرۆس، هاووڵاتییەکی فلیپینییە، هەفتانە ناچارە دەرمانی دژە مێشوولە و کەرەستەی دیکە بکڕێت بۆ رێگریکردن لە تووشبوونیان بە مەلاریا و سوڕێژە. بە درێژایی ساڵ و زیاتر لە رۆژە گەرم و شێدارەکاندا مێشوولەی گوێزەرەوەی مەلاریا و سوورێژە لە سەرانسەری فیلیپین بڵاودەبنەوە.
رۆژانە درمانی دژە مێشوولە لە جەستەی دوو منداڵەکەی دەدات، پاشان پەنجەرەی ماڵە بچووکەکەی دادەخات، بوخوردی تایبەت دەسووتێنێت و سپرەی بە چەند شوێنێكدا دەکات.
هەموو ئەو کارانە پێش هاتنی شەو دەبێت بکرێن، بەڵام لەگەڵ گرتنەبەری ئەو هەموو رێکارانە هێشتا ترسی هەیە.
مافێ کابریرۆس دەڵێت، "ئێواران لە کاژێر 4 و5 دا، هەموو کارەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی مێشوولە ئەنجام دەدەم، بەڵام هەر دەترسم، دوو ساڵ لەمەوبەر خوشکێکم بەهۆی سوورێژەوە کچە چوار ساڵەکەی لە دەستدا".
ساڵانە 700 ملیۆن کەس لە جیهان، 70٪یان لە وڵاتانی ئاسیا، تووشی سوورێژە دەبن؛ ملیۆنێکیان گیان لەدەستدەدەن؛ زۆربەیان منداڵانی خوار تەمەن 5 ساڵانن.
لە دەیان جۆری مێشوولە، دووانیان گوێزەرەوەی نەخۆشی سوورێژە و مەلاریان؛ لە دوای 7 دەیە لە لێکۆڵینەوەی زانایانی تەندروستی، هێشتا دۆزینەوەی ئەو جووتە مێشوولە کوشندەیە بە ئاڵنگارییەکی گەورەکە ماوەتەوە.
میرا ئالڤارێز، شارەزای تەندروستییە و باس لەوە دەکات، "داوامان لە دایک و باوکانی منداڵان کردووە بەشداری لە وانەی وەرگرتنی زانیاری بکەن تاوەکو لە بنچینەی کێشەکە تێبگەن. کێشەکە لەوەدایە هێشتا نەتوانراوە بە باشی و بە خێرایی مێشوولەی گوێزەرەوەی نەخۆشییەکان بدۆزرێتەوە و شوێنەکەی دیاری بکرێت".
لەگەڵ تاڕادەیەک تێکەڵبوونی ژیریی دەستکرد بە هەموو جومگەکانی ژیانی مرۆڤ، لەوانەیە لەمەولا سووڕی ژیانی مێشوولە گوێزەوەرەکان کورتتر بێت.
دوو مامۆستای زانکۆ، فیلیپینییەک و ئەمریکییەک، بە ژیریی دەستکرد، خودی مێشوولە مەترسیدارەکان و شوێنەکانیشیان دەستنیشان دەکەن.
رایان کارنی، پرۆفیسۆرە لە زانکۆی فلۆریدا و دەڵێت، "تەنیا 3٪ـی مێشوولەکان بەرپرسن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکان بۆ مرۆڤ. بۆیە بۆ رووبەڕووبوونەوە و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان پێویستە مێشوولە درووستەکە بناسیتەوە، ئێمەش چارەسەرەکەمان دۆزیوەتەوە".
چارەسەرەکە بە گوتەی کارنی، تەڵەی مێشوولەکانە؛ ئامێرێکە بە ژیری دەستکرد کار دەکات.
سریرام چیلاپان پرۆفیسۆرە لە زانکۆی فلۆریدا و دەڵێت، "پاڵنەرمان بۆ درووستکردنی تەڵەی زیرەکی مێشوولەکان، کۆتاییهێنانە بە دەیان ساڵ لە کاری دەستی درێژخایەن و کاتکوژ و بێ کەڵکە، ئەوەی کە بە چەندین هەفتە بە دەستت دێت کاری چەند خوولەکێکی کەمی ئەم ئامێرە زیرەکەیە".
بە بڵاوکردنی ئامێری تەڵە زیرەکەکە، ئیدی دۆزینەوەی جۆر و شوێنی مێشوولە مەترسیدارەکان، دەبێتە رۆتینێكی ئاسایی، هەروەها هیوایەکیش دەداتە مافی کابریرۆس و سەرووی 116 ملیۆن فیلیپینی بە کۆتاییهاتنی چیرۆکی رۆژانەی ماڵینی کرێم و دووکەڵکردنی بخوردەکان.