سەرۆکوەزیرانی هیندستان لەشوێنی مزگەوتێک بەردی بناخەی پەرستگایەکی هیندۆز دادەنێت
رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی 30 ساڵ لە رووخاندنی مزگەوتی بابری لە شاری ئەیودیا لە هیندستان، بە بڕیاری ناریندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دەست بە دروستکردنی پەرستگایەکی هیندۆز کرا.
مزگەوتی بابری لە مانگی 12ی ساڵی 1992 لەلایەن هیندۆزەکانەوە رووخێنرا و بەهۆی رووخانی مزگەوتەکەش تووندوتیژی کەوتەوە، بەشێوەیەک کە نزیکەی دوو هەزار کەس کوژران، کە زۆرینەیان موسڵمانان بوون.
بڕیاری کردنەوەی پەرستگاکەش لەلایەن دادگای باڵای هیندستانەوە دراوە؛ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەش بۆ دەستپێکی بونیادنانی پەرستگاکە، لە بەرامبەر خوداوەندێکی هیندۆز بەناوی [رام] نوێژی ئەنجامدا.
ناریندرا مۆدی لەکاتی دانانی بەردی بناخەی پەرستگاکە گوتی "خۆشحاڵم کە شاهێدی تۆمارکردنی مێژووم. ملیۆنان هاووڵاتیی هیندی باوەڕیان بەوە نەبوو کە ئەم رۆژە دێتە پێش. تەواوی وڵات لەژێر سایەی رام-دایە... رام دروشمی هەمەچەشنەیی و یەکگرتوویی هیندستانە".
سەرۆکوەزیرانی هیندستان گوتیشی "چاوەڕوانیی چەندین سەدە ئەمڕۆ کۆتاییهات".
بەشێکی بەرچاو لە هیندوسەکان باوەڕیان وایە کە شوێنی مزگەوتەکە پێشتر پەرستگا بووە و لەلایەن ئەو ئیمپراتۆرە موسڵمانانەوە رووخێنراوە کە لە سەدەی 16 بۆ 19 فەرمانڕەوایی بەشێکی زۆری هیندستانیان کردووە، بەڵام شوێنەوارناسان هاوڕانین لەسەر ئەمە.
ساڵی 1992 هیندۆزەکان سەرەڕای رووخاندنی مزگەوتی بابری، ماڵی چەندین موسڵمانی نزیکی مزگەوتەکەشیان رووخاند.
بەپێی دەستوور، هیندستان وڵاتێکی کۆماریی سێکیولارە، بەڵام ناریندرا مۆدی و حیزبەکەی دەخوازن بیکەن بە وڵاتێک کە تێیدا هیندۆزەکان مافی تایبەتیان هەبێت. لە چەند ساڵی رابردووشدا موسڵمانان، کە کەمینەن لەو وڵاتەدا، بەشێوەیەکی بەرچاو رووبەڕووی تاوانی جۆراوجۆر بوونەتەوە.
پەرستگاکە 72 مەتر پان، 91.5 مەتر درێژ و 49 مەتر بەرزییەکەی دەبێت، پێنج گومەزی دەبێت و لەسەر رووبەری حەوت هەزار و 804 مەتر دروستدەکرێت؛ لە هۆڵێکی نوێژکردن، هۆڵێکی وانەوتنەوە، شوێنی سەردانیکاران و مۆزەخانەیەک پێکدێت. زەوییەکی پێنج دۆنمییش دەدرێتە موسڵمانان بۆئەوەی مزگەوتێکی نوێی تێدا دروستبکەن.
رووخاندنی مزگەوتی بابری گرژی و ئاڵۆزیی تووندی لەنێوان موسڵمانان و هیندۆزەکاندا دروستکرد. هیندوسەکان دەڵێن، خوداوەندی رام هەزاران ساڵ لەوێدا فەرمانڕەوایی کردووە.
موسڵمانانی هیندستان 14%ی رێژەی دانیشتووان پێکدەهێنن.