ئەو پلاستیکەی فڕێی دەدەیت بۆ کوێ دەچێت و زیانی ئابووریی چەندە؟ وەڵامەکەی شۆکهێنەرە

 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی نوێی گۆڤارێکی پزیشکی هۆشداری لە مەترسیی "کوشندە"ی پلاستیک بۆسەر ژیانی مرۆڤ و هەسارەی زەوی دەدات و دەڵێت، ئەو کێشە تەندروستییانەی بەهۆی پلاستیکەوە دروست دەبن، ساڵانە 1.5 ترلیۆن دۆلار زیان بە ئابووریی جیهان دەگەیێنن.
 
راپۆرتێکی نوێی گۆڤاری لانسێتی پزیشکی باسی لەوە کردووە، مەترسیی لێکەوتەکانی پلاستیک روو لە زیادبوون و "کوشندە"یە، بەڵام ئەو مەترسییە زۆر جار "بە کەم سەیر دەکرێت."
 
لە 75 ساڵدا بەرهەمهێنانی پلاستیک 200 هێندە زیادیکردووە
 
بەراورد بە ساڵی 1950، بەرهەمهێنانی پلاستیک 200 هێندە زیادی کردووە. بەهۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی کەلوپەل و پێداویستیی پلاستیکی، پسپۆڕان دەڵێن، جیهان رووبەڕووی کێشەی زیادبوونی پلاستیک بووەتەوە.
 
 
لانسێت پێشبینی دەکات، تاوەکو ساڵی 2060، ساڵانە یەک ملیار تۆن پلاستیک لە جیهان بەرهەمبهێندرێت.
 
هەرچەندە پلاستیک بۆ زۆر مەبەستی جۆارجۆر بەکاردەهێندرێت، زۆرترین جۆری بەرهەمهێندراو ئەوەیانە کە پێی دەگوترێت، سەفەری، واتە ئەو بەرهەمە پلاستیکییانەی تەنیا یەک جار بەکاردەهێندرێن و دواتر فڕێدەدرێن، وەکو کووپ و قاپی سەفەری.
 
 
بەگوێرەی گۆڤارەکە، کە بنکەی سەرەکیی لە لەندەنە و نووسینگەی لە نیویۆرک و پەکینیش هەیە، پیسبوونی جیهان بە پلاستیک گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە.
 
لە جەستەمانەوە تا لووتکەی ئێڤەرست؛ پلاستیک هەموو شوێنێکی داگیرکردووە
 
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئێستا 8 ملیار تۆن پاشماوەی پلاستیک لە سەرانسەری جیهان بڵاوبووەتەوە، لە لووتکەی ئێڤەرستەوە تاوەکو دەگاتە بنی زەریاکان؛ لە کاتێکدا تەنیا 10%ی پلاستیک ریسایکل دەکرێت.
 
پلاستیک لە هەموو قۆناخ و ئاستێکدا زیان بە مرۆڤ و هەسارەکەی دەگەیێنێت، لە دەرهێنانی نەوتی رەشەوە بگرە کە لێی دروست دەکرێت، تاوەکو دەگاتە دروستکردن و بەکارهێنان و فڕێدانی.
 
 
ئەوەش دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا، بەرکەوتن و دزەکردنی ماددەی کیمیایی ژەهراوی بۆ نێو جەستەی مرۆڤ لە شێوەی مایکرۆ پلاستیکدا، واتە وردە پلاستیک. پاشماوەی پلاستیک تەنانەت دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی مێشوولەی نەخۆشیهەڵگر، چونکە ئاو و پاشماوەی گەنیوی نێوی دەبێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ زاوزێکردن و زۆربوونیان.
 
وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت دژی پێشنیازی سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی پلاستیکن
 
بڵاوکردنەوەی راپۆرتی توێژینەوەکە پێش شەشەمین گەڕی دانوستاندنەکانی نێوان وڵاتان بۆ رێککەوتن لەسەر پەیماننامەیەکی جیهانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پلاستیک، بڵاوکرایەوە.
 
 
دانوستاندنەکان رووبەڕووی ناکۆکییەکی قووڵ بوونەتەوە لەنێوان زیاتر لە 100 وڵات، کە پشتگیری لە دانانی سنوورێک بۆ بەرهەمهێنانی پلاستیک دەکەن و وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، وەکو سعودیە، کە دژی پێشنیازەکەن.