زەوی خێراتر دەسوڕێتەوە؛ ئەمڕۆ یەکێکە لە کورتترین رۆژەکان لە ساڵی 1973ـوە


رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕان ئاشکرای دەکەن کە سووڕانەوەی زەوی خێراتر بووە، ئەمەش وادەکات ئەمڕۆ، 5ـی ئابی 2025 ببێتە یەکێک لە کورتترین رۆژەکان لە مێژووی تۆمارکراودا. هەرچەندە ئەم گۆڕانکارییە تەنیا چەند میلی چرکەیەکە و هەستی پێناکرێت، بەڵام بووەتە جێگەی سەرنج و لێکۆڵینەوەی زانایان.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی "Timeanddate.com"، ئەمڕۆ درێژیی رۆژ نزیکەی 1.25 میلی چرکە کورتتر دەبێت لە 24 کاژێری ئاسایی. ئەمە بەشێکە لە دیاردەیەکی نوێ کە تێیدا خێرایی سووڕانەوەی زەوی لە چەند ساڵی رابردوودا زیادی کردووە کە پێچەوانەی رەوتی دەیان ساڵی رابردووە کە خێراییەکەی بەرەو کەمبوونەوە دەچوو.
 
هۆکاری دیاردەکە چییە؟
 
بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیە، پێویستە جیاوازی لەنێوان دوو جۆر رۆژدا بکەین. "رۆژی ئەستێرەیی" ماوەیەکە کە زەوی یەک سووڕی تەواو بە دەوری خۆیدا دەکات بەگوێرەی ئەستێرەکان، کە دەکاتە 23 کاژێر و 56 خولەک و 4.1 چرکە. بەڵام "رۆژی خۆری" کە سیستمی کاتی ئێمەی لەسەر دامەزراوە، ماوەی نێوان دوو شەوی یەک لەدوای یەکە و دەکاتە 24 کاژێر. ئەوەی ئێستا زانایان بینیویانە، کورتبوونەوەی ماوەی رۆژی خۆرییە.
 
هۆکاری سەرەکیی درێژبوونەوەی رۆژەکان لە دەیان ساڵی رابردوودا، کاریگەریی هێزی کێشکردنی مانگ بووە. ئەم هێزە دەبێتە هۆی لێکخشاندن و وردە وردە خاوکردنەوەی خولانەوەی زەوی، بەڵام لەم دواییانەدا، دیاردەیەکی پێچەوانە روویداوە.
 
زانایان چەند هۆکارێک بۆ ئەم خێرابوونە نوێیە دەستنیشان دەکەن:
 
کاریگەریی شوێنی مانگ: شوێنی مانگ بەگوێرەی هێڵی کەمەرەیی زەوی دەتوانێت کاریگەریی کورتخایەنی لەسەر خێرایی سووڕانەوەی زەوی هەبێت. بۆ نموونە، شوێنی مانگ یەکێک بووە لە هۆکارەکان کە لە سێ بەرواری ئەمساڵدا 9ی تەممووز، 1.23 میلی چرکە کورتر بوو، 22ی تەممووز، 1.36 میلیچرکە کەمتربوو و 5ـی ئابیش پێشبینی دەکرێت 1.25 میلی چرکە کورتر بێت. 
 
جووڵەی ناوکی زەوی: یەکێک لە بیردۆزە سەرەکییەکان ئەوەیە کە خاوبوونەوەی خولانەوەی ناوکی شلی زەوی، وادەکات بەشەکانی دیکەی هەسارەکەمان خێراتر بخولێنەوە.
 
گەرمبوونی جیهانی: هەندێک لە زانایان پێیان وایە گۆڕانی کەشوهەوا و توانەوەی سەهۆڵبەندەکان لە جەمسەرەکان، رەنگە کاریگەریی لەسەر دابەشبوونی بارستایی زەوی و خێرایی سووڕانەوەی هەبێت.
 
کورتترین رۆژی مێژوو
 
سەرەڕای پێشبینییەکان بۆ ئەم ساڵ، کورتترین رۆژ کە تاوەکو ئێستا تۆمار کرابێت، رۆژی 5ی تەممووزی 2024 بووە، کە 1.66میلی چرکە لە 24 کاژێری ئاسایی کورتتر بووە. هەرچەندە ئەم گۆڕانکارییانە زۆر کەمن و مرۆڤ هەستیان پێناکات (یەک چاوترووکان نزیکەی 100 میلی چرکە دەخایێنێت)، بەڵام بۆ زانایانی کات و جیۆفیزیا گرنگیی زۆریان هەیە.
 
ئەگەر ئەم خێرابوونەی خولانەوەی زەوی بەردەوام بێت، لەوانەیە تاوەکو ساڵی 2029، زانایان ناچار بن بۆ یەکەمجار لە مێژوودا "چرکەی بازی نەرێنی بەکاربهێنن. ئەمەش واتە لە جیاتی زیادکردنی چرکەیەک بۆ کاتی جیهانی (وەک چۆن لە رابردوودا کراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوبوونەوەی زەوی)، ئەمجارە چرکەیەک کەم بکرێتەوە بۆ ئەوەی کاژمێرە ئەتۆمییەکان لەگەڵ خولانەوەی خێرای زەویدا هاوتا بن.