قەدەخەکردنی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکانی فەرەنسا جێبەجێکرا

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی دووشەممە بە فەرمی زەنگی کردنەوەی قوتابخانەکانی فەرەنسا لێدرا و حکومەتی وڵاتەکەش بەفەرمی جێبەجێکردنی قەدەخەکردنی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکانی وڵاتەکە راگەیاند و سەرۆکی فەرەنساش ئاماژە بەوە دەکات، "لە فەرەنسا شوێنی هێما ئاینییەکان نابێتەوە".
 
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2023، ئێلیزابێس بۆرن، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا لە کاتی سەردانەکەی بۆ یەکێک لە قوتابخانەکان لە باکووری وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئەم بەیانییە، هەموو شتەکان باش بەڕێوەدەچن، تائێستا هیچ رووداوێک رووینەداوە و بەردەوام دەبین لە چاوکراوەییمان و قوتابییەکانیش لە مانای ئەو یاسایە تێدەگەن". 
 
لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵدا، فەرەنسا رایگەیاندبوو، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندنی ئەمساڵدا، قەدەخەی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکانی وڵاتەکەی جێبەجێ دەکات و راشیگەیاند، پۆشینی عەبا دژی "یاساکانی سیکیۆلاریزمە". 
 
سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەندێک قوتابخانە، بەشێک لە کچەکان بە پۆشینی عەباوە چوونەتە قوتابخانە و لەو بارەیەوە رایگەیاند: "هەندێک لە کچەکان رازیبوون کە عەباکەیان لابدەن، بۆ ئەوانی دیکەش، ئێمە گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین و رێگەی پەروەردەیی بۆ روونکردنەوەی ئەو یاسایە بەکاردەهێنین".
 
هاوکات، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی گوتی: "قوتابخانە سیکیۆلارە و ئەوەش مانای وایە کە هیچ شوێنێک بۆ هێما ئاینییەکان نییە؛ پێویستە ئێمە قسە بکەین، پێویستە روونی بکەینەوە، پێموایە کە ئەوە شتێکی زۆر گرنگە کە قوتابخانە بە شوێنێکی سەربەخۆ بمێنێتەوە".
 
پڕۆژەیاساکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2004 کە تێیدا حکومەتی ئەوکاتەی فەرەنسا ویستی لە رێگەی ئەو یاسایەوە قەدەخەی پۆشینی ئەو جلانە بکات لە قوتابخانەکانی فەرەنسا کە بە جلوبەرگی ئایینی دادەندرێن، بەڵام پرۆژەیاساکە لە حوزەیرانی ئەمساڵدا لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر درا و بوو بە یاسا.  
 
لە یاساکەدا جگە لە پۆشینی عەبا و سەرپۆشی موسڵمانان، لەملکردنی خاچی کریستیانەکان، کڵاوی ئایینی تایبەت بە جووەکان و عەمامەی سیخەکان لە قوتابخانەکانی فەرەنسا قەدەخەکراوە.