عەلی دۆڵەمەری بۆ رووداو: ماکرۆن تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ سەردانی هەولێر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "پێش کۆتایی ئەم ساڵ، سەرۆک ماکرۆن سەردانی هەولێر و بەغدا دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە."
عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە کرد بۆ کردنەوەی رێڕۆیەک بەناوی پێشمەرگە لە پارکێکی پاریس و دەڵێت، "ناوی پێشمەرگە تاهەتایە لەسەر نەخشەی پاریس دەبێت، کە ئەمەش جێگەی خۆشحاڵییە. کردنەوەی پارکەکەش لەلایەن رێبەر و مەرجەع و پێشمەرگەوە بوو، کە سەرۆک بارزانییە، کە هەمیشە خۆی وەکو پێشمەرگەیەک ناساندووە."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا گوتیشی، "پەیوەندیی هەولێر و پاریس مێژووییە، بەتایبەتییش سەرۆکی شارەوانیی پاریس رێزێکی زۆری بۆ سەرۆک بارزانی هەیە؛ لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا کە هەولێر دەستەخوشکە لەگەڵ پاریس و بایەخ بە پەیوەندییەکان دەدرێت."
بە گوتەی عەلی دۆڵەمەری، "لەسەر ئەرکی سەرۆک شارەوانیی پاریس، لەنێو قەڵاتی هەولێر خانوویەک نۆژەن دەکرێتەوە و دەکرێتە ماڵێکی کولتووری بۆ مافی ژنان."
دۆڵەمەری ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی شارەوانیی پاریس بانگهێشتنامەی فەرمیی پێشکێشی سەرۆک بارزانی کرد "بۆ یادی 10 ساڵەی یەکەمین تەقینەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە پاریس، کە ئیمانوێل ماکرۆن و دەیان سەرۆکی دیکەی وڵاتان بەشداری دەکەن لەو یادەدا."
هەر ئەمڕۆ، سەرۆک بارزانی لەگەڵ ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبووەوە. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوە پشتگیرییەکانی فەرەنسای بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ شەڕی دژی داعش دووپات کردەوە.
عەلی دۆڵەمەری ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیری دەرەوە جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەکانیان بۆ لێکنزیککردنەوەی هەولێر و بەغدا کردەوە، "هەمیشەش دەڵێن، ئەوان پشتگیری لە کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراق دەکەن."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ئەوەی خستەڕوو، "وەزیری دەرەوە سڵاوی تایبەتی سەرۆک ماکرۆنی گەیاندە سەرۆک بارزانی، کە خۆی ئەمڕۆ لەبەر هەندێک دۆخی تایبەت نەیتوانی ئامادە بێت، بەڵام پێش کۆتایی ئەم ساڵ سەرۆک ماکرۆن سەردانی هەولێر و بەغدا دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە."
هاوکات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دوای کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و ژان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بە ئاڵا شاڵیی گوت، "کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا زۆر باش بوو."
ئەمڕۆ هەینی، رێڕۆی پێشمەرگە لە پارکێکی پاریسی پایتەختی فەرەنسا بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی کرایەوە.