ترەمپ ناوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکای کردە "وەزارەتی جەنگ"

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی جێبەجێکاریی واژۆ کرد بۆ گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری بۆ "وەزارەتی جەنگ" و گوتی، گۆڕینی ناوەکە "ناردنی پەیامی سەرکەوتن و هێزە بۆ هەموو جیهان."

رۆژی هەینی 05-09-2025 ترەمپ فەرمانەکەی واژۆ کرد و گوتی، "ئەگەر سەیری جیهان بکەین کە ئێستا لە چ دۆخێکە، ناوی (وەزارەتی جەنگ) ناوێکی زۆر گونجاوە."

پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە تەنیشت ترەمپەوە وەستابوو، کە ئیدی ناوەکەی دەبێتە "وەزیری جەنگ."

فەرمانەکە دەخرێتە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا و دوای پەسند کردن، ناوەکە بە فەرمی دەگۆڕدرێت.

لە ساڵی 1789 بۆ یەکەمجار وەزارەتی جەنگ لە ئەمریکا دامەزرا، دواتر هاری تروومان، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە ساڵی 1947 ناوەکەی بۆ وەزارەتی بەرگری گۆڕی، ئەوکات دوو ساڵ بوو جەنگی دووەمی جیهان کۆتایی هاتبوو. دوای ناو گۆڕینەکە، سوپای ئەمریکا، هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی لەژێر وەزارەتی بەرگری کۆکرانەوە.

لەبارەی ناو گۆڕینەکە، ترەمپ بە تەنزەوە گوتی، "بڕیارمان دا وەک وۆکەکان رەفتار بکەین و ناوی بۆ وەزارەتی بەرگری بگۆڕین."

مەبەستی ترەمپ لە "وۆکەکان" رەوتێکی چەپڕۆی ئەوپەڕی لیبراڵە، کە بەوە ناسراوە زۆر دژایەتیی سیاسەتی کۆمارییەکان لە ئەمریکا دەکات.

هێگسەس گوتیشی، "لەو کاتەوەی ناوەکە گۆڕاوە، هیچ جەنگێکی گەورەمان نەبردووەتەوە. لەمەودوا، هێرشیش دەکەین، نەوەک تەنیا بەرگری."