دادوەرێک رێگری لە ناردنی هێز بۆ پۆرتلاند دەکات؛ ترەمپ هێزی بەرەو شیکاگۆ جووڵاند
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندیی لەسەر ناردنی هێز بۆ شیکاگۆ دا، دوای ئەوەی رۆژی شەممە ئەفسەرێکی هێزی فیدراڵی تەقەی لە شۆفێری ئۆتۆمبێلێک کرد، گوایە چەکدار بووە. هاوکات دادوەرێک هەوڵەکەی سەرۆکە کۆمارییەکەی بۆ ناردنی سوپا بۆ پۆرتلاند رەتکردەوە، کە ئەویش شارێکی دیکەیە و لەلایەن دیموکراتەکانەوە بەڕێوەدەبرێت.
ئەم کێشمەکێشەی نێوان ترەمپ و دیموکراتەکان لە سەرانسەری وڵات لە گەورەبووندایە.
ترەمپ، بە گوتەی خۆی، ئەم هەڵمەتە سەربازییەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان و کۆچی نایاسایی دەستپێکردووە.
بەڵام دیموکراتەکان تۆمەتباری دەکەن بەوەی دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بە نایاسایی بۆ دەستبەسەرداگرتنی شارەکان بەکاربهێنێت.
ئەبیگەیڵ جاکسن، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "سەرۆک ترەمپ رەزامەندیی داوە بە ناردنی 300 ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی بۆ پاراستنی ئەفسەر و موڵکە فیدراڵییەکان" لە شیکاگۆ.
ئەم بڕیارە دوای چەندین هەفتە لە هەڕەشەی کۆمارییەکان دێت بۆ ناردنی هێز بۆ ئەو شارەی رۆژئاوای ئەمریکا، وێڕای ئەوەی بەرپرسە خۆجێییەکان دژی هەنگاوەکەن.
گوتەبێژەکە گوتیشی، "سەرۆک ترەمپ چاوپۆشی لەو بێسەروبەرییە ناکات کە شارەکانی ئەمریکای گرتووەتەوە."
دیک دێربن، سیناتۆری ویلایەتی ئیلینۆی، ئەو هەنگاوەی بە "لاپەڕەیەکی شەرمەزارکەر لە مێژووی نەتەوەکەماندا" ناوبرد و گوتی، "سەرۆک مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تاوان نییە، بەڵکو مەبەستی بڵاوکردنەوەی ترسە."
شیکاگۆ و پۆرتلاند دوایین خاڵی گرژین کە هێزی فیدڕالییان بۆ دەنێردرێت، لە دوای لۆس ئەنجلۆس و واشنتن.
هێزەکانی سەر بە حکومەتی فیدڕاڵیی ئەمریکا بە چەک و دەمامک و بە ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ و زرێپۆشەوە دەچنە گەڕەکەکان و شوێنە بازرگانییەکانیان، ئەمەش خۆپێشاندانی خەڵکی ئەو شوێنانەی لێکەوتووەتەوە.
ترەمپ چەندین جار پۆرتلاندی بە "وێرانبوو بەهۆی جەنگ" و پڕ لە تاوانی تووندوتیژ وەسف کردووە، بەڵام لە بڕیارەکەی رۆژی شەممەدا، کارین ئیمەرگوت، دادوەری دادگەی هەرێمیی ئەمریکا نووسیویەتی: "بڕیارەکەی سەرۆک هیچ پەیوەندییەکی بە راستییەکانەوە نەبوو."
ئیمەرگوت کە فەرمانێکی دەرکردووە بۆ ئەوەی بڕیارەکەی ترەمپ بە شێوەیەکی کاتی بوەستێت، لە فەرمانەکەیدا نووسیویەتی، هەرچەندە شارەکە چەند هێرشێکی پچڕپچڕی بۆ سەر ئەفسەر و دامەزراوە فیدراڵییەکانەوە بەخۆیەوە بینیوە، ئیدارەی ترەمپ نەیتوانیوە بیسەلمێنێت "کە ئەو رووداوە تووندوتیژییانە بەشێک بوون لە هەوڵێکی رێکخراو بۆ رووخاندنی حکومەت."
دادوەرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، خۆپێشاندانەکانی پۆرتلاند "مەترسیی یاخیبوون"یان دروست نەکردووە و "هێزە ئاساییەکانی چەسپاندنی یاسا" دەتوانن مامەڵە لەگەڵ رووداوی لەو شێوەیەدا بکەن.
رۆن وایدن، سیناتۆری ویلایەتی ئۆریگن، پێشوازیی لە فەرمانە دادوەرییەکە کرد و گوتی: "ئێمە پێویستمان بەوە نییە و نامانەوێت دۆناڵد ترەمپ بە ناردنی هێزی فیدراڵی بۆ ویلایەتەکەمان تووندوتیژیی دروست بکات."
ستیڤن میلەر، جێگری سەرۆکی نووسینگەی کاروباری کۆشکی سپی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، بڕیارەکەی دادوەر "یاخیبوونێکی یاسایی" بووە و بەرپرسە خۆجێییەکانی ئۆریگنی بە کردنی "هێرشێکی تیرۆریستیی رێکخراو بۆ سەر حکومەتی فیدراڵی" تۆمەتبار کرد.