هێرشەکانی رووسیا پێنج کەسیان لە ئۆکراینا کوشت و کارەبایان بڕی
رووداو دیجیتاڵ
هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا پێنج کەسی کوشت و زیانێکی زۆری بە ژێرخانی وزە گەیاند. هێرشەکە کارەبای دەیان هەزار هاووڵاتی بڕی و وایکرد پۆڵەندای دراوسێی، بەرگریی زەوینی بخاتە ئامادەباشییەوە.
هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا بڵاویکردەوە، هێزەکانی رووسیا 496 درۆن و 53 مووشەکیان بۆ ئۆکراینا هاوێشتووە کە زۆربەیان خراونەتە خوارەوە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی: "بەداخەوە، پێنج کەس کوژران. سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی هەموو ئەوانە دەکەم کە بەهۆی ئەم تیرۆرەوە، ئازیزانیان لەدەستداوە."
هێرشەکان چوار کەسیان لە نزیک لویڤ کوشت کە دەکەوێتە رۆژئاوای ئۆکراینا و دەیان کیلۆمەتر لە بەرەی جەنگەوە دوورە. ئاندری سیبیگا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا گوتی: "لە نزیک لویڤ، خێزانێکی چوار کەسی لە ماڵەکەیاندا کوژران ."
هێرشەکان کەسێکیان لە هەرێمی زاپۆریژیای باشووریش کوشت و چەند کەسێکی دیکەشیان لە نزیک بەرەی رۆژهەڵات بریندار کرد.
خزمەتگوزاریی فریاکەوتنی ئۆکراینا بڵاویکردەوە، هێرشەکان کارەبای زیاتر لە 110 هەزار هاووڵاتییان لە چەندین ناوچە بڕیوە و زۆرترین زیانیش بەر زاپۆریژیا کەوتووە.
تۆڕی کۆمپانیای گازی دەوڵەتی ئۆکراینا (نافتۆگاز) رایگەیاند، زیان بەر تۆڕەکەی کەوتووە.
سێرگی کۆرێتسکی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نافتۆگاز گوتی: "ئەم هێرشە تیرۆریستییە شێتانەیە تەنیا یەک ئامانجی هەیە: بێبەشکردنی ئۆکراینییەکان لە گاز، گەرما و رووناکی."
سوپای رووسیا بڵاویکردەوە، هێرشی کردووەتە سەر "کۆمەڵگەی سەربازی-پیشەسازیی ئۆکراینا و دامەزراوەکانی ژێرخانی گاز و وزە."
هێرشەکانی رووسیا هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ئۆکرایناشیان نیگەران کردووە. هێزە چەکدارەکانی پۆڵەندا رایگەیاند، فڕۆکەکانیان جووڵەپێکردوون و بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکە، بەرگریی زەوینییان خستووەتە ئامادەباشییەوە.