پۆلیسی بەریتانیا: لە باشووری ئینگلتەرا بە ئەنقەست ئاگر لە مزگەوتێک بەردرا

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند، گومانیان لە ئاگرتێبەردانی بە ئەنقەستی مزگەوتێک هەیە و وەک تاوانی "رق و کینە" لێکۆڵینەوەی لێدەکەین. ئەمەش چەند رۆژێک دوای هێرشێک بۆ سەر کەنیشتەیەکی جووەکان دێت، کە دوو کەسی لێ کوژرا.
 
مزگەوتەکە لە شارۆچکەی پیسهێڤنی باشووری ئینگلتەرایە و درەنگی شەوی شەممە ئاگری تێبەردراوە. هەرچەندە هیچ کەسێک بریندار نەبووە، بەڵام ئاگرەکە زیانی بە دەروازەی پێشەوەی مزگەوتەکە و ئۆتۆمبێلێک گەیاندووە.
 
پۆلیسی ناوچەی سەسێکس وێنەی دوو پیاوی دەمامکداری جل رەشی بڵاوکردەوە و داوای یارمەتی لە خەڵک کرد بۆ ناسینەوەیان.
 
گاڤین پاچ، لێکۆڵەری پۆلیس ئاگرکەوتنەوەکەی بە "هێرشێکی قێزەون و بێباکانە" وەسف کرد و گوتی: "دەزانین وای لە زۆر کەس کردووە هەست بە سەلامەتی نەکەن. ئێمە وەک ئاگرتێبەردانێک بە مەبەستی خستنە مەترسیی ژیانی خەڵک مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین."
 
ئاگرکەوتنەوەکە دوای هێرشەکەی رۆژی پێنجشەممەی سەر کەنیشتەیەکی جووەکان دێت لە شاری مانچستەر، کە تێیدا دوو کەس کوژران و سێی دیکەش بە سەختی برینداربوون. پۆلیس تەقەی لە هێرشکارەکە کرد و کوشتی.
 
گوتەبێژێکی مزگەوتی پیسهەیڤن رایگەیاند: "زۆر سوپاسگوزارین کە هیچ کەسێک بریندار نەبووە،" و داوای لە هەمووان کرد، "دابەشبوون رەتبکەنەوە و بە یەکڕیزی و بەزەییەوە وەڵامی رق بدەنەوە." گوتیشی: "ئەم کردەوەیە رقهەڵگرە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگە و شارۆچکەکەی ئێمە ناکات."
 
شەبانا مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا گوتی، هێرشەکە "جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە، هێرشکردنە سەر موسڵمانانی بەریتانیا هێرشکردنە سەر هەموو بەریتانییەکان و خودی ئەم وڵاتەیە."
 
فیل رۆزنبێرگ، سەرۆکی دەستەی نوێنەرانی جووە بەریتانییەکانیش، سەرکۆنەی ئاگرکەوتنەوەکەی کرد و داوای پشتیوانیی زیاتری کرد. رۆزنبێرگ گوتی: "هەموو کۆمەڵگەیەکی ئایینی مافی ئەوەی هەیە بەبێ ترس پەرستش بکات. پێویستە پێکەوە دژی رق بچینە پێشەوە."