هەفتەی کاڵای گرانبەها لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەم هەفتەیە لە جنێڤ لە سویسرا، بە هەفتەی کاڵای گرانبەهای جنێڤ بەنێوبانگە و تێیدا کۆمپانیاکان و مەزاتخانە بەنێوبانگەکانی جیهان گەوهەر و خشڵ و کاڵای گرانبەهای کۆن و دانسقە و نایابی خۆیان مەزات دەکەن.
یەکێک لەوانە مەزاتخانەی (سۆزێبی)یە، کە کۆمەڵێک گەوهەر و خشڵی نایابی مەزات کردووە و نرخی هەندێک لەو کاڵا گرانبەهایانە بە چەندین ملیۆن دۆلار مەزەندە کراون.
یەکێک لەو کۆمەڵەیە ملوانکەیەکە، کە 93.94 قیرات ئەڵماسی شینی تێدا بەکارهێندراوە و بە (بلو لاگون) ناسراوە، مەزەندە دەکرێت بە دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بفرۆشرێت.
ملوانکەیەکی دیکە خراوەتەڕوو کە لە بەردی زۆمۆرۆد دروستکراوە و پێشبینی دەکرێت بە 1.8 ملیۆن دۆلار بفرۆشرێت.
جگە لە ملوانکە و جۆرەکانی دیکەی گەوهەر، سۆزێبی نزیکەی 100 کاتژمێری گرانبەهاشی نمایش کردووە.
یەکێک لە کاتژمێرەکان، کاتژمێری براندی (فلیپ پاتێک)ە، کە لە زێڕ دروستکراوە، مەزەندە دەکرێت بە دوو تاوەکو چوار ملیۆن دۆلار بفرۆشرێت.
کریستین بێکێت، بەڕێوەبەری بەشی گەوهەر لە مەزاتخانەی سۆزێبی دەڵێت، ئەوەی کە تێبینیی کردووە، ئاراستەی بازاڕی کاڵا و شتومەکی گرانبەها لە زۆربەی بارودۆخەکاندا بەردەوام سەقامگیر بووە.
بێکێت پێیوایە هێندە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوە لە نرخی کاڵا گرانبەهاکان روونادەن، تەنانەت ئەگەر وەکو ئێستا نادڵنیایی و دڵەڕاوکێی پەیوەست بە شەڕ هەبێت.