دیموکراتەکان براوەی سەرەکیی هەڵبژاردنەکەی رۆژی سێشەممەی ئەمریکا بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

نیویۆرکییەکان، زۆهران مامدانیی چەپڕۆی گەنجیان وەک سەرۆک شارەوانیی داهاتوویان هەڵبژارد؛ هەر دیموکراتەکان لە دوو رکابەرایەتیی سەرەکی بۆ حاکمی ویلایەت سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
 
سەرکەوتنەکەی مامدانی، دوای هەڵمەتێکی چڕ و پڕ هات، تێیدا رووبەڕووی هێرشی تووندی نوخبەی بازرگانیی شارەکە، کۆمارییەکان و تەنانەت خودی دۆناڵد ترەمپ بووەوە. مامدانی توانیی پشتیوانیی بەرفراوانی جەماوەری بەدەستبهێنێت.
 
لە گوتارێکی پڕ لە جۆشی سەرکەوتندا بۆ لایەنگرانی لە برۆکلین، مامدانی گوتی، "ئەگەر کەسێک هەبێت بتوانێت بە گەلێك، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە خیانەتی لێکراوە، نیشانی بدات چۆن شکست پێبهێندرێت، ئەوا ئەو شارەیە کە منی دروستکرد."
 
مامدانی گوتیشی، "لەم ساتە پڕ لە تاریکییە سیاسییەدا، نیویۆرک دەبێتە ئەو رووناکییەی رێگا نیشان دەدات."
 
سەرکەوتنی پارتی دیموکرات لە رکابەرایەتی بۆ هەڵبژاردنی حاکمی ویلایەتی ڤێرجینیا و هەڵبژاردنەوەی دیموکراتێکی دیکە وەک حاکمی نیوجێرزی وەک ئاماژەیەک بە گۆڕانکاری لێکدەدرێتەوە، ئەوەش لەکاتێکدا وڵات چاوی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووە کە تێیدا کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجوومەنی کۆنگرێس یەکلایی دەبێتەوە.
 
هاوکات دەنگدەران لە کالیفۆرنیا پێشنیازێکی یاساییان پەسندکرد بۆ کێشانەوەی سنووری بازنەکانی هەڵبژاردن. ئەم هەنگاوە لە هەوڵێکدا دێ بۆ بێلایەنکردنی هەوڵەکانی گۆڕینی سنووری بازنەکان بە قازانجی سیاسی.
 
ترەمپ لە کاردانەوەیدا رەتیکردەوە هیچ بەرپرسیارێتییەک بۆ ئەنجامە نەرێنییەکانی رۆژی سێشەممە بۆ کۆمارییەکان لە ئەستۆ بگرێ و لە پۆستێکدا لە تۆڕی ترووس سۆشیاڵی خۆی ئاماژەی بەوە کرد کە شکستی کۆمارییەکان دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارەکانی وەک داخستنی حکومەت و ئەو راستییەی ناوی خۆی لەسەر کارتی دەنگدانەکاندا نەبووە بۆ هاندانی دەنگدەران.
 
حەکیم جێفریس، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "دیموکراتەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا دۆناڵد ترەمپ و کۆمارییە تووندڕۆکان تێکدەشکێنن؛" هەروەها بە باوەڕبەخۆبوونەوە رایگەیاند، "پارتی دیموکرات گەڕاوەتەوە."
 
مامدانی، کە وەکو یاسادانەرێکی ویلایەت نوێنەرایەتیی ناوچەی کوینزی نیویۆرکی دەکرد، بانگەشەی هەڵبژاردنی لەسەر بنەمای بەڵێندان بە چارەسەرکردنی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان بنیات نا.
 
بەرنامەکەی پێشکەشکردنی گەشتی پاسی بەخۆڕایی لە شارەکەدا، دابینکردنی چاودێریی منداڵان بە نرخی گونجاو و کردنەوەی فرۆشگەی خۆراکی بەڕێوەبراو لەلایەن شارەوانییەوە لەخۆگرتبوو.
 
مامدانی تیشکی سەرەکیی خستە سەر ئەو بارگرانییەی بەهۆی تێچووی ژیانەوە رووبەڕووی خەڵکی نیویۆرک بووەتەوە و لە رێگی هەڵمەتێکی گەورەی بانگەشەی ماڵ بە ماڵ و سۆشیاڵ میدیادا توانی پشتیوانیی چین و توێژە جیاوازەکان بۆ خۆی کۆبکاتەوە.
 
مامدانی کە خۆی وەکو سۆسیالیستێک دەناسێنێت، تاوەکو رادەیەکی زۆر کەسایەتییەکی نەناسراو بوو پێش سەرکەوتنە چاوەڕواننەکراوەکەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیموکراتەکان بۆ مسۆگەرکردنی بەربژێربوونی لە بەرامبەر ئەندرو کومۆ، حاکمی پێشووی نیویۆرک.