هێرشێکی ئەمریکا بۆسەر بەلەمێک لە زەریای هێمن چوار کوژراوی لێکەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا دەڵێ، لە هێرشێکدا بۆ سەر بەلەمێکی بازرگانیی مادەی هۆشبەر لە رۆژهەڵاتی زەریای هێمن 4 کەس کوژران. تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەلەمەکان لە زەریای هێمن و دەریای کاریبی 87 کەس کوژراون.
رۆژی هەینی 05-12-2025 فەرماندەیی باشووری ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بەلەمێکی لە "سنووری ئاوی نێودەوڵەتی"دا کردووەتە ئامانج کە لەلایەن "رێکخراوێکی تیرۆریستیی دیاریکراو "ەوە بەڕێوەدەبرا. فەرماندەییەکە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا بەلەمەکە پێش ئەوەی بە بۆردوومانێک گڕبگرێ، بە خێرایی بەسەر ئاوەکەدا دەڕوات.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "چوار تیرۆریستی هۆشبەر کە لەنێو بەلەمەکەدا بوون، کوژران."
تاوەکو ئێستا لانیکەم 87 کەس لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکان لە زەریای هێمن و دەریای کاریبی کوژراون.
ئیدارەی ترەمپ دەڵێت، "لەگەڵ تیرۆریستانی بازرگانیی مادەی هۆشبەر لە جەنگدایە" و بۆ ئەو مەبەستەش هێزێکی سەربازیی گەورەی رەوانەی دەریای کاریبی کردووە.
ئیدارەی ترەمپ لە چەند مانگی رابردوودا ستراتیژییەتی بەرامبەر بە دەسەڵاتی مادورۆ تووند کردووە و بە بەرپرسیاری سەرەکی دەبینێت لە بڵاوبوونەوەی فراوانی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو ئەمریکا.
بەڵام نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و چەندین جار رایگەیاندووە وڵاتەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە باندەکانی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە نییە.
مادورۆ کە لە ساڵی 2013ـەوە لە دەسەڵاتدایە، دەڵێ، ترەمپ دەیەوێ وڵاتەکەی تووشی قەیران بکات و هەوڵی لابردنی دەدات.