کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا کۆمپانیای ئێکسی بە 120 ملیۆن یۆرۆ سزادا
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێ، کۆمپانیای ئێکسی بە پێی یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان بە 120 ملیۆن یۆرۆ سزاداوە.
رۆژی هەینی، 5ی کانوونی یەکەمی 2025، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "کۆمیسیۆن سزایەکی 120 ملیۆن یۆرۆیی بەسەر ئێکسدا سەپاند، ئەوەش بەهۆی پێشێلکردنی پابەندییەکانی شەفافیەت بە گوێرەی یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان."
کۆمیسیۆنەکە دەڵێت، "پێشێلکارییەکان بریتین لە دیزاینی چەواشەکارانەی نیشانە شینەکە، نەبوونی شەفافیەت لە کۆگای ریکلام و دابیننەکردنی دەستگەیشتن بە داتای گشتی بۆ توێژەران."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی یەکێتیی ئەورووپا "مافی بەکارهێنەران دەپارێزێ و رێگە بە توێژەران دەدات مەترسییە شاراوەکان ئاشکرابکەن، کە ئەمەش هاوکارە بۆ گەڕانەوەی متمانە بە ژینگەی ئۆنلاین."
کۆمپانیای ئێکس لەلایەن ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی خاوەنداریەتی دەکرێت.
هێنا ڤیرکونێن، جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ بواری تەکنەلۆژیا، ئاسایش و دیموکراسی رایگەیاند: "هەڵخەڵەتاندنی بەکارهێنەران بە نیشانە شینەکە، شاردنەوەی زانیارییەکانی سەر ریکلام و رێگریکردن لە توێژەران، هیچ جێگەیەکی لە ئینتەرنێتی یەکێتیی ئەوروپادا نییە."
تاوەکو ئێستا کۆمپانیای ئێکس هیچی لەبارەی سزاکەوە نەگوتووە. بە گوێرەی ماڵپەڕی رۆبنهود کە ماڵپەڕێکی متمانەپێکراوە بۆ واری کۆمپانیاکان، ئێستا بەهای بازاڕی کۆمپانیای ئێکس نزیکەی 54 ملیار دۆلاری ئەمریکییە.