ئاسمانی ڤەنزوێلا چۆڵە؛ زۆربەی هێڵە ئاسمانییەکان گەشتەکانیان هەڵوەشاندوەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ڤەنزوێلا رووبەڕووی گۆشەگیریی ئاسمانی بووەتەوە، دوای ئەوەی کۆمپانیا بیانییەکانی بواری ئاسمانی گەشتەکانیان بۆ ئەو وڵاتە راگرت، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی فڕۆکە و گەشتیارەکانیان. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان کاراکاس و واشنتن زیادبوون و هێزێکی سەربازیی گەورەی ئەمریکا لە دەریای کاریبی جێگیرکراوە.
 
هەردوو کۆمپانیای (بۆلیڤیانا دی ئەڤیاسیۆن)ـی بۆلیڤی و (ساتێنا)ـی کۆڵۆمبی گەشتیان بۆ کاراکاس هەڵوەشاندەوە، لە کاتێکدا کۆمپانیای (کوبا ئێیەرلاینز)ـی  پەنەمایی راگرتنی گەشتەکانی تاوەکو 12ـی کانوونی یەکەم درێژکردەوە. هەموو کۆمپانیاکان هۆکارەکەیان بۆ "سەلامەتی" گەڕاندەوە.
 
پێشتر، کۆمپانیاکانی ئیبێریای ئیسپانی، تاپی پۆرتوگالی، ئەڤیانکای کۆڵۆمبی، گۆڵی بەرازیلی، لاتامی چیلی، ئێیەر یۆرۆپای ئیسپانی، هێڵی ئاسمانیی تورکیا و پڵەس ئاڵترای ئیسپانی گەشتەکانیان بۆ ڤەنزوێلا راگرتبوو. 
 
کاراکاس ئەم کۆمپانیایانەی بە "بەشداریکردن لە کردەوەی تیرۆری دەوڵەت" کە لەلایەن واشنتنەوە دەکرێ، تۆمەتبار کردووە و مۆڵەتی کارکردنی لێوەرگرتوونەتەوە.
 
ئایا ئاسمانی ڤەنزوێلا داخراوە؟
 
هەموو شتێک بە هۆشدارییەکەی دەستەی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا دەستیپێکرد کە لە 29-11-2025 داوای لە فڕۆکەوانەکان کرد "زۆر بە وریاییەوە" مامەڵە بکەن، بەهۆی "تێکچوونی دۆخی ئەمنی و زیادبوونی چالاکیی سەربازی لە ڤەنزوێلا و دەوروبەری."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەم هۆشدارییەی بڵاوکردەوە و گوتی: "بۆ هەموو کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانی، فڕۆکەوانەکان و بازرگانانی مادەی هۆشبەر و مرۆڤ، تکایە ئاسمانی ڤەنزوێلا و دەوروبەری بە تەواوی بە داخراو بزانن."
 
ئاسمانی ژێر کۆنترۆڵی ڤەنزوێلا رووبەرەکەی 1.2 ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، کە ناوچەیەکی دەریایی فراوان دەگرێتەوە کە زۆر نزیکە لە شوێنی جێگیربوونی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا. ویلایەتە یەکگرتووەکان کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (جێراڵد فۆرد)ـی رەوانەی ناوچەکە کردووە کە گەورەترین فڕۆکەهەڵگری جیهانە، لەگەڵ کەشتیگەلێکی گەورەی جەنگی و فڕۆکەی جەنگی، بۆ رووبەڕووبوونەوەی بازرگانیی مادەی هۆشبەر.
 
نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا دەڵێ، ئامانجی راستەقینەی ئەم هەنگاوە "رووخاندنی" دەسەڵاتەکەی و "دەستبەسەرداگرتنی نەوتی" وڵاتەکەیەتی.
 
سەرەڕای گرژییەکان، گەشتە ناوخۆییەکانی ڤەنزوێلا بە ئاسایی بەڕێوەدەچن، هەروەها ئەو فڕۆکانەی کۆچبەرە دیپۆرتکراوەکانی ئەمریکا دەگەڕێننەوە، هێشتا بەردەوامن.