راپۆرتێک: لە هەر سێ موسڵمانێک لە فەرەنسا، یەکێکیان رووبەڕووی جیاکاری دەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

راپۆرتێکی نوێی مافەکانی مرۆڤی فەرەنسا دەریدەخات کە جیاکاریی ئایینی لە وڵاتەکەدا زیادی کردووە، بە جۆرێک کە لە هەر سێ کەسی موسڵمانی بەشدار لە راپرسییەکدا، یەکێکیان رایگەیاندووە رووبەڕووی جیاکاری بووەتەوە. راپۆرتەکە هۆشداری دەدات لەوەی کە لێکدانەوەی هەڵە بۆ عەلمانییەت، بووەتە هۆی زیادبوونی جیاکاری، بەتایبەتی دژی ژنانی باڵاپۆش.

فەرەنسا ژمارەیەکی بەرچاوی دانیشتووانی موسڵمانی هەیە. هەرچەندە یاسای فەرەنسا رێگری لە کۆکردنەوەی داتا لەسەر بنەمای رەگەز، نەژاد یان ئایین دەکات، بەڵام نووسینگەی کلێر هێدۆن، چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی بە راپرسییەکی ساڵی 2024 کردووە کە 5,000 کەسی دانیشتووانی فەرەنسا بەشدارییان تێیدا کردووە.
 
لە کۆی بەشداربووان، 7٪ رایانگەیاندووە کە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بەهۆی ئایینەوە رووبەڕووی جیاکاری بوونەتەوە، لە کاتێکدا ئەو رێژەیە لە ساڵی 2016دا تەنیا 5٪ بوو.
 
ئەو رێژەیە لەنێو موسڵماناندا زۆر بەرزتر بوو، 34٪ـی ئەو کەسانەی خۆیان وەک موسڵمان ناساندبوو یان وەک موسڵمان سەیر کرابوون، رووبەڕووی جیاکاری بوونەتەوە. لە بەرامبەردا، ئەو رێژەیە بۆ ئایینەکانی دیکە وەک جوولەکە و بوودی، 19٪ بووە. تەنیا 4٪ـی کریستیانەکان هەستیان بە جیاکاری کردبوو.
 
راپۆرتەکە جیاوازیی جێندەریشی لەنێو موسڵماناندا دەرخستووە: رێژەی جیاکاری بۆ ژنانی موسڵمان 38٪ بووە. لە بەرامبەردا، بۆ پیاوانی موسڵمان 31٪ بووە.
 
راپۆرتەکە دەڵێت، جیاکاری دەتوانێت ببێتە هۆی دابڕان، بە تایبەتی بۆ ژنانی موسڵمانی باڵاپۆش. "لە شوێنە گشتییەکاندا پەڵەدار دەکرێن و رووبەڕووی سنووردارکردنی کارەکانیان دەبنەوە." ئەمەش لەوانەیە ناچاریان بکات واز لە کارەکانیان بهێنن، ئەو پۆستانە قبووڵ بکەن کە لە ئاستی لێهاتووییاندا نین، یان پەنا بۆ کاری کۆمەڵایەتی و کاری سەربەخۆ ببەن. هەروەها راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێکجار رێگرییان لێدەکرێت وەرزشیش بکەن.
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە تێگەیشتنێکی هەڵە بۆ عەلمانییەت، کە یاساکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1905 و ئامانجی جیاکردنەوەی کەنیسە و دەوڵەتە، بووەتە هۆی دروستبوونی ئەم دۆخە. لە ساڵانی رابردوودا، یاساکە کراوەتە بیانوو بۆ قەدەخەکردنی هێما ئایینییە دیارەکان وەک حیجابی ئیسلامی لە هەندێک شوێندا، وەک قوتابخانە حکومییەکان.
 
لە راپرسییەکی دیکەدا دەرکەوتووە، نزیکەی چارەکی خەڵک بە هەڵە عەلمانییەت وەک "قەدەخەکردنی هێما ئایینییەکان لە شوێنە گشتییەکان" لێکدەدەنەوە. راپۆرتەکە ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە دەبەستێتەوە بە زیادبوونی عەلمانیکردنی کۆمەڵگە و هەروەها "گوتاری سیاسی و میدیایی دووبارە."
 
لە کۆتاییدا، راپۆرتەکە داوای پەروەردەیەکی باشتر دەکات لەبارەی عەلمانییەتەوە و هۆشداری دەدات کە ئەو رێوشوێنانەی بە بیانووی "بەرەنگاربوونەوەی جیاکاریی ئایینی" دەگیرێنەبەر، وەک قەدەخەکردنی حیجاب لە هەندێک شوێندا، لە راستیدا "یارمەتیی گەشەکردنی دەدەن."