نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە دۆخی ئۆکراینا دەدات: رەنگە ئەم زستانە کارەسات رووبدات

رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی رەنگە ئەم زستانە کارەساتێکی دیکە رووبەڕووی ئۆکراینا ببێتەوە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە.
 
ماتیاس شماڵێ، رێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆکرانیا بە رووداوی راگەیاند: "ئەگەر ئاستی وێرانکاریی کەرتی وزە بەردەوام بێت و زستان زۆر سەخت ببێت، ئەوا تووشی کارەساتێک دەبین لەناو خودی کارەساتەکەدا؛ بەجۆرێک هەزاران کەس لەناو باڵەخانە بەرزەکاندا بەبێ گەرمکەرەوە گیر دەخۆن."
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای گەڕانەوەی لە سەردانێک بۆ ئۆکرانیا کە تێیدا بەشێکی زۆری وڵاتەکە بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە خاپوور بووە، رۆژی پێنجشەممە لە نیویۆرک قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک پرسیاری لەبارەی وردەکاریی زیانەکانی ژێرخانی وزە و پلانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخەکە ئەگەر لە زستاندا خراپتر ببێت.
 
لە وەڵامدا ماتیاس شماڵێ گوتی: "ئاستی خێرایی چاککردنەوەکان کە بە پاڵپشتیی (UNDP) ئەنجامی دەدەین، ناتوانێت رکابەری لەگەڵ خێرایی وێرانکارییەکاندا بکات. ناتوانم ژمارەی وردترت پێ بدەم چونکە ئەوکاتە تەنیا دەبێتە تەسەور، بەڵام وەکو دەسەڵاتێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێشبڕکێ دژی کات دەکەین بۆ ئەنجامدانی چاککردنەوەکان تاوەکو ئەو راددەیەی پێمان دەکرێت."
 
هاوکات هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی پێش سەختبوونی کەشوهەوا جۆرێک لە ئاگربەست دروست ببێت. ئیدارەی ترەمپ پڕۆژەیەکی بۆ ئاشتی پێشنیاز کردووە؛ لەو چوارچێوەیەدا رۆژی سێشەممە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بە بەشداریی جارید کوشنەر، زاوای ترەمپ، لە مۆسکۆ نزیکەی پێنج کاژێر لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە گفتوگۆدا بوون و چاوەڕوان دەکرا رۆژی پێنجشەممەش لە مەیامی لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکراینا کۆببنەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەوبارەیەوە رایگەیاند: "سەرۆک پووتین دوێنی کۆبوونەوەیەکی باشی لەگەڵ جارید کوشنەر و ستیڤن ویتکۆف هەبوو. کۆبوونەوەکە چی ئەنجامێکی دەبێت؟ ناتوانم ئەوەت پێبڵێم."
 
ئەمە چوارەم زستانە کە ئۆکرانیا لە جەنگدایە. بەرپرسە باڵاکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، گەشبین نییە بەوەی پێش دەستپێکردنی ئەم وەرزە سارد و بەفراوییە، جەنگ کۆتایی بێت.