بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سۆفتبانک: ژیریی دەستکرد 10 هەزار هێندەی مرۆڤ زیرەک دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
ماسایۆشی سەن، وەبەرهێنەری بواری ژیریی دەستکرد و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سۆفتبانک رایگەیاند، ئەگەر ژیریی دەستکرد بەردەوام بێت لە پێشکەوتن، پێش مرۆڤ دەکەوێت و دەتوانێت خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب بباتەوە.
رۆژی هەینی 5ی کانوونی یەکەمی 2025 سەن لەگەڵ لی جای میونگ، سەرۆکی کۆریای باشوور لە سیئۆل کۆبووەوە. باسی لە ژیریی دەستکرد کرد و رایگەیاند، "جیاوازیی نێوان مێشکی مرۆڤ و ماسیی زێڕ 10 هەزار پلەیە (واتە مرۆڤ 10 هەزار هێندەی ماسیی زێڕین زیرەکە)، بەڵام ئەمە دەگۆڕێت؛ ئێمە دەبینە ماسیی زێڕین و ژیریی دەستکردیش وەکو مرۆڤی لێدێت (واتە ژیریی دەستکرد 10 هەزار هێندەی مرۆڤ زیرەک دەبێت)."
بەشێکی دیکەی گوتەکانی سەن پەیوەندیی بە بەراوردکردنی ژیریی دەستکردی باڵا و مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ و ئاژەڵە ماڵییەکانیانەوە هەبوو. لەوبارەیەوە گوتی، "هەوڵی دڵخۆشکردنی ئاژەڵەکانمان دەدەین و دەمانەوێت بە ئاشتی لەگەڵیاندا بژین؛ پێویست ناکات بیانخۆین. بۆ ژیریی دەستکردیش بە هەمان شێوەیە، ئەوان پرۆتین ناخۆن؛ بۆیە پێویست ناکات بترسین." لەو کاتەدا سەرۆکی کۆریای باشوور وەڵامی دایەوە و بە پێکەنینەوە گوتی، "ئێستا کەمێک دەترسم."
سەن لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژێک لە رۆژان ژیریی دەستکردی باڵا دەتوانێت خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب بباتەوە و بەسەر مرۆڤدا سەربکەوێت.
بەگوێرەی ماڵپەڕی های ستاندفۆرد، پار وڵاتانی جیهان سەروو 250 ملیار دۆلاریان لە وەبەرهێنانی ژیریی دەستکرد دا خەرج کردووە، لە کاتێکدا 10 ساڵ لەمەوبەر 19 ملیار دۆلار خەرجکراوە.