پێنج رۆژە وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە نەخۆشخانە خەوێندراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی نەخۆشکەوتنیەوە، پێنج رۆژە وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و جێگرەکەی ئامادەکراوە لە شوێنی ئەو دەستبەکاربێت تا کاتی گەڕانەوەی.
 
رۆژی هەینی 5-1-2024، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، "لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە 1-1-2024ـەوە بەهۆی نەخۆشکەوتنی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە."
 
لەبارەی هۆکاری نەخۆشکەوتنیشی، پات رایدەر دەڵێت، "بەهۆی ئاڵۆزییەک کە لە پرۆسەیەکی پزیشکی بووە".
 
پات رایدەر هیچ زانیارییەکی زیاتری لەسەر هۆکار و ماوەی مانەوەی رانەگەیاند، تەنیا ئەوە نەبێت کە گوتی، "ئەو بە خێرایی چاکدەبێتەوە."
 
کۆمەڵەی رۆژنامەوانیی پێنتاگۆن کە تایبەتە بە کارە رۆژنامەڤانییەکانی وەزارەتی بەرگری، نیگەرانی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، "شەرمە دوای شەش رۆژ ئینجا هەواڵی خەواندنی وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە نەخۆشخانە بڵاودەکرێتەوە."
 
چەند رۆژنامەڤانێک لە نامەیەکی هاوبەشدا کە پێشکێشی پێنتاگۆنیان کردبوو دەڵێن، "خەڵک مافی خۆیەتی بزانێت کاتێک ئەندامێکی کابینەی ئەمریکا لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێت یان بەهۆی ئازارەوە بێهۆش دەکرێت یانیش کاتێک ئەرکی ئەو کەسانە بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە دوا دەکەوێت."
 
نەخۆشکەوتنی وەزیرێکی گرنگی ئەمریکا لە کاتێکدایە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنگژەیەکی زۆر و زەوەند هەیە. شەڕی غەززە، هێرشی حووسییەکان لە دەریای نێوەڕاست و هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
 
پات رایدەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانی گوتی، "کاتلین هیکس، جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئامادەکراوە لە هەرکاتێک پێویست بکات بێتە شوێنی ئۆستن و کارەکانی راپەڕێنێت."
 
بەرپرسێکی ناونەهێنراوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، جێگری وەزیری بەرگری هەموو ماف و دەسەڵاتێکی هەیە کە وەک وەزیری بەرگری دەست بە کارەکانی بکات ئەگەر وەزیر نەیتوانێت ئامادەبێت. ئەم هەفتەیەش جێگری ئۆستن لە بری ئەو چەند بڕیارێکی داوە.
 
ئەو بەرپرسە هەروەها گوتی، ئۆستن ئاگاداری هێرشەکەی بەغدایە و لەگەڵ جۆ بایدن بەیەکەوە قسەیان لەسەر کردبوو.