بایدن لە یەکەم بانگەشەی سەرۆکایەتی 2024 هێرشیکردە سەر ترەمپ
رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم بانگەشەیدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2024، جۆ بایدن چەند لێدوانێکی تووندی لەبارەی ترەمپەوە دا و بە "نەخۆش، دۆڕاو، قسەکردن بە زمانی نازییەکان و هەڕەشە بۆ سەر دیموکراسی" وەسفیکرد.
رۆژی 5-1-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا یەکەم بانگەشەی هەڵبژاردنی 2024ـی کرد و لە زۆربەی لێدوانەکانی هێرشیکردە سەر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوو و بەربژێری هەڵبژاردنی داهاتوو.
بایدن بیانووێکی باشی بەدەستەوە بوو، ئەمڕۆ 6-1-2024 سێیەم ساڵیادی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی ئەمریکایە لەلایەن لایەنگرانی ترەمپ بۆ ئەوەی رێگری لە پەسەندکردنی بردنەوەی هەڵبژاردنی 2020 لە لایەن بایدنەوە بکەن.
لەو رۆژەدا، لەلایەن لایەنگرانی ترەمپەوە 100 پۆلیس بریندارکران و هێرشیانکرایە سەر، لە ئەنجامی ئەم رووداوە نۆ کەس گیانیان لەدەستدا.
وێڕای ئەوەی کە لەو رۆژەدا هێرشکرایە سەر ئەندامانی هەردوو پارت لە کۆنگرێس، بەڵام ئێستا وەک پرسێکی جەمسەردار یادیدەکرێتەوە، بە جۆرێک کە دیموکراتەکان یادەکە زەقدەکەنەوە بۆ ئەوەی رەخنە لە ترەمپ بگرن.
بایدن گوتی، "رۆژی 6ـی کانوونی دووەم، چی نەمابوو ئەمریکا لەدەستبدەین."
جۆ بایدن بەوەوە نەوەستا و باسی رۆڵی ترەمپیشی کرد، "ئایا ترەمپ چی کرد؟ لەبری ئەوەی بەو تێکدەرانە بڵێت تاوانبار، ئەو ئەوانی بە نیشتیمانپەروەر وەسفکرد، بەوانیشی راگەیاندبوو کە ئەگەر دووبارە بگەڕێتەوە کۆشکی سپی ئەوا لێیان خۆشدەبێت. لەکاتێکدا ئەوان بۆ تێکدانی دەستوور لەوێبوون."
هەر لە سۆنگەی هێرشکردنە سەر کۆنگرێس، رۆژی 28-11-2023، شێنا بیلۆس، سکرتێر و بەرپرسی باڵای هەڵبژاردنەکانی ویلایەتی ماین لە رۆژهەڵاتی ئەمریکا بڕیاریدا ترەمپ لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی ویلایەتەکە دووربخاتەوە.
بیلۆس گوتی، "دەستووری ئەمریکا لێبوردە نییە بەرامبەر بە هێرشکردنە سەر بەردی بناخەی حکومەت و یاسای ماینیش ناچارت دەکات هەڵوێستت بەرامبەر بەو کردەوانە هەبێت".
بایدن لە گوتارەکەیدا ترەمپی بەوە تۆمەتبارکرد کە "بانگەشەی ئەو تەنیا بۆخۆیەتی نەوەک بۆ ئەمریکا. ئەو بەوانەی کە دژین دەڵێت مێروولە و قرتێنەر، ئەو دەڵێت خوێنی وڵات ژەهراوی بووە، ئەو بە زمانی نازییەکان قسەدەکات."
ویلایەتی کۆلۆرادۆش هەمان هەڵوێستی ماینی دەربڕیوە، بڕیارە دادگەی باڵای ئەمریکا لە مانگی شوبات ئەو پرسانە یەکلایی بکاتەوە.
بایدن لە پارکی مێژوویی نزیک ڤالی فۆرج لە پەنسلڤانیا قسەیکرد، هەمان ئەو شوێنەی کە 250 ساڵ لەمەوبەر جۆرج واشنتن و سوپای کیشوەری، زستانێکی ساردیان بەڕێکرد و واباوە کە شەڕیان بەرگریکردن لە دیموکراسی کردووە.
بەشێکی زۆری قسەکانی بایدن لەسەر دیموکراسی بوو، بایدن گوتی، "هەموو بابەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا تەنیا بریتییە لەوەی ئایا دیموکراسییەتی ئەمریکا بەردەوام دەبێت؟".
چاوەڕوان دەکرێت دۆناڵد ترەمپ لە بانگەشەی دواتری خۆیدا وەڵامی ئەو قسانەی بایدن بداتەوە.
وەک هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و رەزامەندیی زیاتری خەڵکەکەی، بایدن گوتی، "با ئێمە روون بین: دیموکراسییەت لەو دەنگدانە هەیە، سەربەخۆیی ئێوەی تێدایە. ئێمە دەنگ لەسەر زۆر شت دەدەین، لەسەر ئازادیی دەنگدان و هەژمارکردنی دەنگەکان. لەسەر ئازادیی بژاردەکان. ئێمە دیبەیت دەکەین و رێکدەکەوین چونکە بەبێ دیموکراسییەت هیچ پێشڤەچوونێک نابێت."