پرسیاری دوای تەقینەوەکانی ئێران؛ داعش دەگەڕێتەوە؟

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای تەقینەوەکانی کرمانی ئێران کە داعش بەرپرسیاریێتییەکەی لە ئەستۆ گرت، باس و خواسی سەر‌هەڵدانەوەی داعش گەرمە، شارەزایان دەڵێن، راستە داعش شکێندرا و لاوازکرا، بەڵام لەنێونەبرا.
 
مێژوو
 
ساڵی 2014 لەوپەڕی هێز و دەسەڵات، رێکخراوەکە باڵی ترس و تیرۆری بەسەر ملیۆنان خەڵکدا کێشا و چەندین ناوچەی عێراق و سووریای خستە ژێر رکێفی خۆی. چەکدارەکانی ئەو رێکخراوە بەردەوام لەگەڵ سوپای ئەو دوو وڵاتە لە شەڕدا بوون، هەرکەسێکیش لەدژی سیاسەت و دنیابینییەکەی قسەیکردبا، چارەنووسی یان ئەشکەنجە بوو یان مردن.
 
ئیبراهیم عەواد بەدری ناسراو بە ئەبو بەکر بەغدادی، کە خۆی بە خەلیفەی ئەو رێکخراوە دەناساند، رۆژی 4-7-2014 لە مزگەوتی گەورەی نووری لە موسڵ وتاری دا و بەڵێنیدا کە حوکمی ئیسلام و خەلافەت بگەڕێنێتەوە. پێنج ساڵ دوای ئەو وتارە لە 27-10-2019 لە باکووری رۆژئاوای سووریا لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکدا کوژرا و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا کوژرانی بەغدادیی پشتڕاستکردەوە.
 
داعش، ئەو رێکخراوەی کە یەکێک لە بنکەکانی تەنیا 30 خولەک لە سەنتەری شاری بەغدا دووربوو لە کانوونی یەکەمی 2017 لانیکەم ٪95ـی ناوچەکانی ژێردەستی لەدەستدا، گرنگترینیان پارێزگەی موسڵ لە عێراق و رەققە لە سووریا بوون.
 
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە 9-12-2017 سەرکەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند.
 
بنیاتنانەوەی هێز
 
ئەیمەن جەواد تەمیمی، توێژەر لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆڕبەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، "هێرشەکەی کرمانی ئێران نیشانەی ئەوەیە کە ئەو گرووپە دەیەوێت هێزی خۆی بنیات بنێتەوە."
 
تەمیمی هەروەها دەڵێت، "ئامانجەکانی ئەو گرووپە وەکو خۆیەتی: هەڵگیرسانی جیهاد لە دژی دووژمنەکانی بۆ ئەوەی دووبارە خەلافەت بگەڕێنێتەوە و حوکمی هەموو جیهان بکات."
 
شانە نووستووەکانی داعش
 
لەوەتەی شکانی لە عێراق و سووریا، داعش کار لەسەر چەندین شانەی نووستوو دەکات لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا دەڵێت، داعش زیاتر لە 10 هەزار شانەی نووستووی هەیە. 
 
راوێژکارێکی باڵای ئاسایشی عێراق، کە چاودێری جووڵەکانی داعش لە عێراق و دەوروبەری دەکات، نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت، "داعش شانەی نوستووی هەیە و چاوەڕێی دەرفەتی هێرشن."
 
بەپێی چەند بەرپرسێکی ئەمنیی عێراق، دوای شکانی داعش لە ناوچەکە، چەکدارە بیانییەکانیان بەرەو سنوورەکانی ئەفغانستان، پاکستان و سووریا رایانکرد، لەوێ لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامیی خۆراسان یەکیانگرتووەتەوە، کە زۆربەی چالاکییەکانیان لەسەر سنووری هاوبەشی ئێران – ئەفغانستان – پاکستانە.
 
ساڵی 2023، نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، تەنیا لە پارێزگای سینای میسر نزیکەی 800 بۆ 1200 چەکداری دڵسۆزی داعش هەن. هەروەها لە لیبیا لاوازن، بەڵام ئامادەن هەرکاتێک گرژییەکانی ناوخۆی وڵاتەکە بقۆزنەوە.
 
داعش لە ئەفریقا
 
داعش جگە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە ئەفریقاش شوێنپەنجەی جێهێشتووە.
 
لە ئۆگەندا، چەکدارانی داعش کە هاوپەیمانی هێزەکانی دیموکراتی هاوپەیمانین کە ناسراوە بە ADF چەند زنجیرە هێرشێکیان کردووە.
 
لە 17-6-2023، چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر قوتابخانەیەکی رۆژئاوای ئۆگەندا و 42 کەسیان کوشت (کە 39 لەوانە قوتابی بوون)، 8 کەسیان بە سەختی بریندارکرد و 6 کەسی دیکەشیان رفاند.
 
لە 17-10-2023، شەش چەکداری سەر بە داعش هێرشیانکردە سەر ژن و مێردێک کە لە مانگی هەنگوینییان بوون و کوشتیانن. جگە لەو دوو هاوژینە، رێبەرێکیشیان کوشت کە یاوەری گەشتی ئەو دوو گەنجە بوو.
 
لە 26-12-2023، چەکدارانی سەر بەو رێکخراوە هەڵیانکوتایە سەر گوندێک لە رۆژئاوای ئۆگەندا و سێ کەسیان کوشت و سووتاندیانن.
 
هەمان هەو چەکدارانەی کە خۆیان بە هاوپەیمانی داعش دەزانن، چەندین چالاکییان لە کۆنگۆی دراوسێی ئۆگەندا کردووە.
 
لە وڵاتانی دیکەی وەک مالی، نەیجەر و بۆرکینا فاسۆ چەندین گرووپی دیکەی چەکدار پەیوەندییان بە داعش کردووە.
 
لە کانوونی دووەمی 2023 سوپای ئەمریکا لە ئەفریقا لە ئۆپەراسیۆنێکدا کوشتنی سەرکردەیەکی باڵای داعشیان لە سۆماڵ راگەیاند.
 
شکانی هێز
 
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ئەمریکا لە ئابی 2023 راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "چالاکییەکانی داعش و قاعیدە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر کەمیان کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی چەندین سەرکردە و کەسی گرنگی ئەو رێکخراوانە کوژران."
 
بەڵام ناوەندەکە لە راپۆرتەکەیدا لە دۆخی ئەفریقا نیگەرانە، "لقەکانی داعش لە سەرانسەری ئەفریقا چالاکن و دەبنە هۆی دروستکردنی گرژیی زۆر."
 
لەبارەی کوژران و لەنێوبردنی سەرکردەکانیان، ئەو راپۆرتە ئاماژە بەوەدەدات کە سێ سەرکردەی زۆر گەورەی ئەو رێکخراوە کوژراون و 13 بەرپرسی دیکەی باڵایان لە عێراق و سووریا لەنێوبراون، "ئەمەش وادەکات بەر بە هێرشەکانی ئەو رێکخراوە بگیرێت."
 
ئەندرایس کرێگ، پرۆفیسۆر لە زانکۆی کینگس کۆلێج لە لەندەن دەڵێت، "بە گشتی، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، هێرشەکانی داعش زۆر کەمبوونەتەوە. ئەفریقا تاکە ناوچەیە کە داعش هێشتا تێیدایە و گەشە بەخۆی دەدات."